نیسان 02, 2019 09:43 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بە سەرکەوتنی بەربژاری لایەنی نەیاری لە هەڵبژاردنەکانی گەورەشاری ئەستەموڵ

سەرکەوتنی "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو" بەربژاری پارتی کۆماریخوازی گەل لە هەڵبژاردنەکانی شارەدارییەکانی گەورەشاری ئەستەموڵ، بەرەوڕووی کاردانەوەی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەی تورکیا بوویەوە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم؛ ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕۆژی دووشەممە بە بڵاو کردنەوەی فەرمیی ڕێژە و ئاماری هەڵبژاردنەکانی شاری ئەستەموڵ ڕایگەیاند: "ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو" بەربژاری پارتی کۆماریخوازی گەل بە دەست خستنی ٢٣ هەزار و ٨٣٦ دەنگ زیاتر لە "بینعەلی یەڵدیریم" بەربژاری پارتی داد و گەشە، بووە بە شارەداری شاری ئەستەموڵ.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "فاتیح شاهین" سکرتێری پارتی داد و گەشە بە ڕاگەیاندنی یەکجاریی سەرکەوتنی خەنیمەکەی "بنعەلی یەڵدیریم" لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەموڵدا،  لە کۆڕی هەواڵنیراندا لە ئانکارا ڕایگەیاند؛ گزیکاری و ساختەکاری  و هەندێ کردەوەی نایاسایی دیکە لە کاتی ژماردنی دەنگەکان بە سوودی بەربژارانی پارتی کۆماریخوازی گەل لە ئەستەموڵ و ئانکارا بۆتە هۆی سەرکەوتنی  بەربژارانی ئەو پارتە.

سکرتێری پارتی داد و گەشەی تورکیا وتیشی کە پارتەکەی ناڕەزایەتی خۆی لە دەسکاری کرانی دەنگەکانی شارەکانی ئەستەموڵ و ئانکارا رادەستی ناوەندە یاساییەکان دەکات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیمام ئۆغڵوو پاش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی خۆی لە  هەڵبژاردنەکانی ناوچەی هەڵبژاردەیی ئەستەموڵدا بە ئاماژە بەوەی کە پارتی دەسەڵاتدار لە دووی کەڵک وەرگرتن لە دەنگە بەتاڵ کراوەکان بۆ گۆڕینی داڕشتی گۆڕەپانی سیاسییە، وتی: ئێستا ٢٩٠ هەزار دەنگی بەتاڵ لە ئارادایە ، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژماری دەنگە بەتاڵەکان زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بوو بەڵام هیچ ناڕەزایەتییەک لە لایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە بەرامبەر بەو مەسەلەیە دەرنەبڕدرا.

بەربژاری هەڵبژێردراوی هەڵبژاردنەکانی شارەدارییەکانی تورکیا بۆ ئەستەموڵ ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەلماندنی بانگەشەکەی لەمەڕ پێبەند بوونی بە دیموکراسی دەبێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە ڕەسمییەت بناسێ ، ئەگینا بەرەوڕووی دواهاتەکانی دەبێتەوە.

"سەعدی گۆڤەن" سەرۆکی ناوەندی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕۆژی دووشەممە پێش بڵاو بوونەوەی  ئەنجامی تۆکمە و تەواوی هەڵبژاردنەکان لە ئەستەموڵ ڕایگەیاندبوو ، ئیمام ئۆغڵوو بە ٤ ملوێن  و ١٥٩ هەزار و ٦٥٠ دەنگ لە بنعەلی یەلدیرم کە ٤ ملوێن و ١٣١ هەزار و ٧٦١ دەنگی بە دەست هێناوە وەپێش کەوتووە.

هەڵبژاردنی شارەدارییەکان و ئەنجومەنەکانی خۆجێی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە بە بەشداریی بەربژارانی ١٣ پارت لە ٨١ پارێزگای بەڕێوە چوو.

هەرچەن پارتی داد و گەشە، پارتەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا ، زۆرینەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی ٣١ی مارس بە دەست هێناوە بەڵام کۆنترڵی ناوچە گرینگەکانی لە کیس چووە کە ئانکارای پێتەخت، ئیمزیر و ئەستەموڵ لەو ناوچانە دێنە ئەژمار.

سەرپەیڤ