ته‌مووز 16, 2019 18:52 Asia/Tehran
  • قۆڵبەست کرانی دەیان کەس لە کارمەندانی هێزی ئاسمانیی تورکیا بەتۆمەتی لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ تاقمی گولەن

هێزە ئاسایشییەکانی تورکیا ، دەیان کەس لە فەرمانبەرانی هێزی ئاسمانیی سوپای ئەو وڵاتەیان بەتۆمەتی لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ تاقمی گولەن قۆڵبەست کرد.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی تی ئاڕ تی تورکیا، دەزگەی دادی ئەو وڵاتە رۆژی سێ شەممە لەچوارچێوەی توێژینەوە دادئەستێنیەکانی ئانکارا لەبارەی لایەنگرانی تاقمی گولەن لە سەرکردایەتی هێزی ئاسمانیی سوپای تورکیا، بڕیاری گرتنی چل و هەشت کەسی دەرکرد کە هەموویان لە کەسانی پلەبەرزی هێزی ئاسمانیی تورکیان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە سی و پێنج کەس لەو کەسانە لەهەڵمەتێکدا کە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە بەشێوەی هاوکات لە١٧پارێزگای تورکیا دەس پێ بووە، قۆڵبەست کران.

هەوڵدان بۆ قۆڵبەست کرانی ١٣ کەسایەتی پلەبەرزیش بەردەوامە.

لەکاتی کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ١٥ی ژوولای ٢٠١٦ دژ بە حکومەتی تورکیا، دەیان هەزار کەسی بەتۆمەت لەپەیوەندیدابوون لەگەڵ تاقمی گولەن لەو وڵاتە قۆڵبەست کردووەو نزیک بە١٢٠هەزار کەس لە کار و پیشە حکومەتییەکان دەرکراون.

حکومەتی تورکیا ئیدیعا دەکا، فەتحوڵڵا گولەن و لایەنگرانی، بەکنە کردنە نێو دەزگەی داد، دەزگە سەربازی، فێرکاری  و ئیدارە حکومییەکان، کودەتای ناسەرکەوتووی ١٥ی ژوولای٢٠١٦یان ڕێکخستووە، بەڵام ناوبراو هەردەم ئەو ئیدیعایەی ڕەت کردۆتەوە.