ته‌مووز 17, 2019 09:08 Asia/Tehran
  • سەلاحەدین دەمیرتاش: تەنانەت ئەگەر ئازادیشم بکەن و بمبەنە ئەو دیو سنوری یونانیش، هەڵنایەم

کۆڕی ڕاگەیشتن بە دۆسییەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) دوێنێ لەکاتێکدا لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی زیندانی "سینجان"ی ئانکارا بەڕێوە چوو کە سەلاحەدین دەمیرتاش لە بەرگریی نامەکەیدا ڕایگەیاند: تەنانەت ئەگەر ئازادیشم بکەن و بمبەنە ئەودیو سنوری یونان هەمدیس هەڵنایەم.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە هەواڵدەریی تی ٢٤؛ کۆڕی ڕاگەیشتن بە دۆسییەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان(هەدەپە) دوێنێ لەحاڵێکدا لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی زیندانی سینجانی ئانکارا بەڕێوە چوو کە تێیدا ١٦ پارێزەر، ١٢چاودێر، چوار پەرلەمانتار و دوو رۆژنامەنووس لەنزیکەوە ڕەوتی ڕاگەیشتن بە دۆسییەی دەمیرتاشیان پێوشوێن گرت.

دەمیرتاش کە لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە زیندانی ئەدیرنە دەقی بەرگریی نامەکەی بۆ دادگە خوێندەوە، لەلێدوانێکدا بەئاماژە بە بڕیاری ئەم دواییەی دادگەی مافی مرۆڤی ئوروپا ڕایگەیاند؛ دادگەی مافی مرۆڤی ئوروپا بەئاشکرا ڕایگەیاندووە کە زیندانی کردنی من بەمەبەستی پێش گرتن بە چالاکییە سیاسییەکان وبەئامانجی سیاسی بووە.

ناوبراو لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتی: بەڕاگەیشتن بە دۆسییەی دادەوانیی من بەمەرجی لەبەنددابوونم لە چالاکییە پەرلەمانییەکانم بێ بەشتان کردم. لە ماڵەکەم ڕفێندرام لە چواری نۆڤمبەری٢٠١٦ی زایینی نوێنەرایەتی من کۆتایی پێهات. لەکاتی ڕفاندنی من لە ماڵەکەم هەتا ٢٤ی ژۆئەنی٢٠١٨ی زایینی ٢٠٥ کۆڕ و هەزار و ١٩٧ بانگەواز و دانیشتن لە پەرلەمانی ئەنجامی گرتووە. لەو ماوەدا کۆگەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا هەزار و ٢٧٨ کاژێر و٣٤خولەک چالاکی بووە. نوێنەرانی گەل لەو ماوەدا ١١٩ هەزار و ٤١٢ لاپەڕە قسەو لێدوان و وتاریان ئاراستە کرد. بەڵام من تەنیا نەمتوانی قسەیەکیش بکەم. لەبەر بڕیاری نەشیاو و نایاسایی کە دادگە گرتوویەتی، پەرلەمانتارێک کە بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراوەو هاوسەرۆکی پارتێکی یاساییە لەتورکیا، لە چالاکییەکانی بێ بەش کراوە.

دەمیرتاش لەدرێژەی بەرگریی نامەکەی خۆیدا هەروەها وتی: دادگە هەوڵ دەدا ئەو بۆچوونە بێنێتەئاراوە کە ئەگەر ئازادم بکەن هەڵدێم و یان لە کۆڕەکانی دادگەدا ئامادە نابم. ئەوە، سووکایەتی پێکردن بە کەسایەتیی منە. چەندین جار پێم داگرتووە، ئەگەر ئازادم بکەن و بمبەنە ئەودیو سنوری یونان خۆم دەخەمەوە دیوی تورکیا. ئەوەی کە گەر ئازادم بکەن هەڵدێم قەت قەبووڵ ناکەم بەلامەوە گرینگ نییە کاتێک لە بەنددام چ دەنووسن یان نانوسن بەڵام بۆتان نییە بەدروست کردنی ئەو بیرۆکەیە کە گەر ئازاد بکرێم هەڵدێم ، هۆی لەبەنددابوونم بەڕەوا لەقەڵەم بدەن.