ته‌مووز 18, 2019 08:32 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئانکاراو بەغدا بە کوژرانی جێگری سەرکونسولی تورکیا لە ھەولێر

ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا هێرشی سەر کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیا لە چێشتخانەیەکی شاری هەولێرو کوژرانی جێگری سەرکونسولەکەی بە کارێکی قیزەون ڕاگەیاندو ئیدانەی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئاناتۆلی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە: ھاوڕێ لەگەڵ بەرپرسان و کاربەدەستانی خۆجێیی و ناوەندیی عێراق ھەوڵی دۆزینەوەی دەستبەجێی ھۆکارانی ھێرشی سەر کارمەندانی کونسوڵخانەکەی تورکیا لە هەولێر دەست پێکراوە.

نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیاش لە بەیاننامەیەک دا لە کاردانەوە بە کوژرانی جێگری سەرکونسولی ئەم وڵاتە بە ھۆی چەکدارانی نەناسراو لە شاری ھەولێر ھەڕەشەی کرد، ئانکارا وەڵامێکی لێبڕاوانە بە کوژرانی دیپلۆماتەکەی لە شاری ھەولێر دەداتەوەو ھۆکارانی ئەم ھێرشەش دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی ئانکارا بن.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی تورکیاش مەولوود چاوش ئۆغلو رایگەیاندووە: ئانکارا لەگەڵ بەغداو ھەولێر لە پەیوەندی دایە و بە تایبەت لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر رووداوەکەی هەولێر بە تەلەفۆن قسەی کردووەو دیارە ئەگەر پێویستیش بکات شاندێک ڕەوانەی ئەوێ دەکەن.

چاوش ئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی کە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراقیش پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجام داوە، لەبارەی رووداوەکەشەوە، گوتی: "دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و کەسێکیش بە سەختی بریندارە. یەکەم کەسیش کە پەنجەی تۆمەتی بۆ رابکێشین و بێتە مێشکمانەوە پەکەکەیە، بەڵام ئێمە هەر لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین مادام خەڵکی عێراقیش لەنێو قوربانییەکاندان.

موستەفا شنتۆپ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش وێڕای ئیدانە کردنی ھێرشی سەر دیپلۆماتەکانی ئەم وڵاتە لە ھەولێر پێی داگرت: وەڵامی ئەو شاڵاوە قیزەونە دەدرێتەوە.

لەم بوارەدا ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە وتوێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ھەواڵدەریی ڕووسیا ئەلیەوم ھێرشی سەر دیپلۆماتەکانی تورکیا لە ھەولێری ئیدانە کردو پێی داگرت: وەزارەتی دەرەوەی عێراق ھاوتەریب لەگەڵ لایەنە فەرمییەکاندا بە دووی ناس کردنی ھۆکارانی ئەو ھێرشەو ڕوون کردنەوەی وردیاتی کوژرانی ئەو دبپلۆماتە تورکەیە لە ھەولێردا.

جێگری سەرکونسولی تورکیا رۆژی چوارشەممە لەئاکامی پەلاماری  چەکدارانی نەناسراو لەشاری هەولێر لەباکووری عێراق کوژرا. لەم پەلامارە دا سێ گیانپارێزەری ئەم دیپلۆماتە تورکیاییەش برینداربوون. بڕێک لە میدیاکان لەوانە تەلەفزیۆنی سکای نیوزی عەرەبی باسی کوژرانی سێ دیپلۆماتی تورکیایان کردووە لەم ڕووداوەدا.

هێشتا هیچکەس و یان گرووپێک بەرپرسایەتیی ئەم پەلامارەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام کەناڵی دەنگ وباسی تورکیایی"هابەرتورک" وای بڵاو کردووەتەوە کە گوایە ئەندامانی پارتی کرێکارانی  کوردستانی تورکیا (پە.کە.کە) هۆکاری ئەم پەلامارە بوونە. کەچی پە کە کە دەست ھەبوون لە کووشتنی دیپلۆماتی تورکیایی ڕەت کردووەتەوە.