ئاب 22, 2019 11:20 Asia/Tehran
  • بڕیاری قۆڵبەستکرانی فەرهاد تونج سترانبێژی ناوداری کوردی تورکیا دەرکرا

لقی 37ی دادگەی کەتنی ئەستەمۆڵ بە تۆمەتی خۆی وتەنی «بانگەواز کردن بۆ تاقمە تیرۆریستەکان» لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڕیاری قۆڵبەستکردنی فەرهاد تونج سترانبێژی ناوداری کوردی تورکیای دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی دیوار، لقی 37ی دادگەی کەتنی ئەستەمۆڵ بە تۆمەتی خۆی وتەنی «بانگەواز کردن بۆ  تاقمە تیرۆریستەکان» لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڕیاری قۆڵبەستکردنی فەرهاد تونج سترانبێژی ناوداری کوردی تورکیای دەرکرد.

بڕیارەی قۆڵبەستکردنی ئەم سترانبێژە کوردە لە کاتێکدا دەرکراوە کە بە پێچەوانەی یاسا باوەکانی تورکیا هێشتا ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە بارەی دۆسیەکەی کۆتایی پێ نەهاتووەو ئەم سترانێبژێە کوردە بۆ ڕوونکردنەوە سەبارەت بەو بوختانانەی بۆی کراوە بانگ نەکراوەتە دادگە.

جێگای ئاماژەیە کە فەرھاد تونج لە کاتی ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرینی باکووری سووریا وێڕای ڕەخنەگرتن لەو ھێرشانە باسی کوژرانی ھەشت شارومەندی سڤیل لەوانە منداڵێکی لە بوردومانەکەی ٢١ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی فڕۆکەشەڕکەرەکانی سوپای تورکیای کردبوو و داوای لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بوو کە بە دواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن. تونج ھەروەھا لەو سەردەمەدا ھێرشەکانی چڵەزەیتوونی وەک ئۆپراسیۆنی «خوێن و مەرگ» ناوبردبوو و پێی داگرتبوو کە: ئەوانەی وا ناوی چڵەزەیتوونیان لە سەر ئەو کوشت و بڕو خوێنڕشتنە داناوە تووشی تاوان و دڕندایەتی دژی مرۆڤایەتی ھاتوون و ئێمە لەو تاوانەدا نابین بە ھاوبەش.

جیا لەمە تونج لە دواپەیامەکەی دا لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تیشکی خستبووە سەر پەیامەکەی ئەم دواییەی عەبدوڵڵا ئوجاڵان و نووسی بووی کە« دەتوانین لە ماوەی شەش مانگ دا کێشەی کورد چارەسەر بکەین».

شایانی باسە سوپای تورکیا لە بیست و چوارەمی ئوتی ساڵی دووهەزاروپانزەوە بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بە بێ مۆڵەت وەرگرتن لە حکومەتی یاسایی سووریا وێڕای بەکارھێنانی تاقمە تیرۆریستەکانی ھاوپەیمانی خۆی ، لەوانە سوپای بەناوئازادی سووریا لە دوو ئۆپراسیۆنی سەربازیی خۆی دا ناسراو بە قەڵغانی فۆرات و چڵە زەیتون  چوارھەزار کیلومەتر لە خاکی سوریا لەوانە  شاری عەفرینی لە باکووری ئەم وڵاتە داگیر کردووە.ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا بەردەوام وێڕای ئیدانە کردنی پێشێلکرانی سەروەریی ئەم وڵاتە لە لایەن تورکیاوە، داوای چوونەدەرەوەی دەستبەجێی هێزەکانی تورک لە خاکی سووریای کردووە.