ئاب 22, 2019 17:39 Asia/Tehran
  • ناکۆکیی نێوان ئەمریکاو تورکیا لە سەر پێکھێنانی ناوچەی ئارام لە سووریادا

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەرنامەکانی ئەمریکا لە مەڕ پێکھێنانی خۆی وتەنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا ڕەخنەی گرت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا ، مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران وتی : تورکیا ماوەی ئەوە بە ئەمریکا نادات کە دانوستانەکان لە ئاراستەی پێکھێنانی ناوچەی ئارام  لە باکووری سووریا بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە، چونکو واشێنگتۆن پێشتریش پابەندی ئەو بەڵێنانەی نەبووە کە لە بارەی شاری منبەج لە پارێزگای حەڵەب بە ئانکارای دابوو.

ناوبراو وتیشی: لەم دواییەدا کۆمەڵێک لە لەشکریانی ئەمریکی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان واشێنگتۆن و ئانکارا لەمەڕ پێکھێنانی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا ھاتوونەتە تورکیاوە، بەڵام لە قۆناغی دواتردا ناھێڵین ئەمریکا بەزمەکەی منبەجمان بەسەر بێنێتەوە.

ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکاو تورکیا لە بارەی باکووری سووریا لە ساڵێک لەمەو بەرەوەو لە کاتێکدا پەرەی سەند کە ھێزەکانی سووریای دیموکرات شاری منبەجیان لە تیرۆریستانی داعش سەندەوەو خستیانە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاندووە کە دیمەشق نەیاری ڕێککەوتنی ئەمریکاو تورکیایە بۆ پێکھێنانی ناوچەی ئارام لە خاکی وڵاتەکەی دا و وەک دەست درێژییەکی ئاشکراو پێشێلکردنی سەروەری و دەستەڵاتی سووریاو بە پێچەوانەی بنەماکانی مافی نێونەتەوەیی و جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکی دەداتەوە.