ئه‌یلوول 11, 2019 17:38 Asia/Tehran
  • ناڕەزایەتیی تورکیا بە لێدوانی هەراسازکەری سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی

وەزیری دەرەوەی تورکیا، لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی سەبارەت بە لێواری رۆژاوای بە ڕەگەزپەرستانە زانی.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی فەڕانسە، "مەولوود چاووش ئۆغڵوو" وتی: وادەی "بنیامین نەتانیاهۆ" لەمەڕ پەیوەستکرانی شارۆچکەکانی لێواری رۆژاوایی چۆمی ئۆردۆن بە گشت سەرزەوییە داگیرکراوەکان، ڕەگەزپەرستانەو وێنەی ئاپارتایدە.

نەتانیاهۆ دوێنێ لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردنیی وتی: بێتوو لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی سێ شەممەی داهاتوو(١٧ی سیپتەمبەر) سەرکەوتوو بێ، شارۆچکە زایۆنی نشینەکانی لێواری رۆژاوا و بەشگەلێکی گرینگی ئەو ناوچەیە پەیوەستی سەرزەوینە داگیرکراوەکان دەکا.

شیاوی ئاماژەیە قودسی رۆژهەڵاتی و لێواری رۆژاوایی لەساڵی١٩٦٧ لەلایەن رژیمی زایۆنییەوە داگیرکراوە. لەلێواری رۆژاوایی نزیک بە٢٥٠شارۆچکەی زایۆنی نشین بوونیان هەیە.

لەو شارۆچکانە زیاتر لە٤٠٠هەزار یەهودی ژیان دەکەن. بەپێی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان هەموو یەکەکانی نیشتەجێبوونی زایۆنی نشین لەو ناوچانە نایاساییە.