تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 10:21 Asia/Tehran
  • ترامپ، تورکیای بەهاوبەشی گەورەی ئەمریکا ناوبرد

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بێ گرینگیدان بە ڕەخنەو گازندەکان لەمەڕ بڕیاری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە باکوری سوریا، هاوکات لەگەڵ هێرشی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچەیە، ئانکارای بەهاوبەشێکی تیجاری بەهێز ناوبرد بۆ واشنگتۆن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا؛ "دۆناڵد ترامپ" لە ژمارەی تایبەتی خۆی لە توئیتەردا نووسی: زۆرکەس بەئاسانی لەبیری دەکەن کە تورکیا، هاوبەشێکی تیجاری مەزنی ئەمریکایە و قالبی پۆڵایی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ی ئێمە ساز دەکا.

ترامپ لە یەکێکی دیکە لە پەیامە توئیتەریەکانیدا رۆژی سێ شەممە نووسی: هەروەها بیرتان نەچێ کە تورکیا، ئەندامێکی گرینگی ناتۆیەو ئەردۆغان ١٣ی نۆڤمبەر وەک میوانی من سەردانی ئەمریکا دەکا.

 ترامپ لە پەیامێکی دیکەدا ئیدیعای کرد کە حکومەتەکەی سەرباری بڕیاری بردنەدەری سەربازانی ئەمریکی لەباکوری سوریا، قەت پشتی لە کوردەکان نەکردووە. بەڵام کوردانی سوریا ئەو بڕیارەی ترامپیان بەخەیانەتێکی گەورە ناوبرد. پاش پەیوەندیی تەلەیفونیی رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ دۆناڵد ترامپی هاوشانە ئەمریکییەکەی  رۆژی دووشەممە سوپای تورکیا هێرشی کردەسەر ناوچەی "تەل تەویل" لەباکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سنوریی حەسەکە.  کۆشکی سپیش پاش ئەو وتووێژە تەلەیفونییە ڕایگەیاند، بەنیازە هێزەکانی لەناوچە سنوریەکانی سوریاو تورکیا دووربکاتەوە.

سەرپەیڤ