تشرینی یه‌که‌م 18, 2019 16:47 Asia/Tehran
  • ئه‌ردۆغان : به‌پێی رێککه‌وتنه‌که‌ ئێمه‌ هێزەکانمان ناکشێنینەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیی دا رایگەیاند، لەئێستاوە قۆناغی 120 کاتژمێرەکە کاری پێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی وێستگە نیوز؛ ئەردۆغان لەبارەی رێککەوتنی تورکیا و ئەمریکا لەسەر دۆخی سوریا رایگه‌یاند، لە ماوەی 120 کاتژمێر یەپەگە لە ناوچەی ئارام دەکشێنەوە.

وتیشی: "بەڵێنی ئەوەمان وەرگرت کە ئەم قۆناغە بە سەرۆکایەتی تورکیا و پێکەوە ئەنجامبدەین، بەردەوام لە پەیوەندییدا دەبین، کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکانمان درێژەی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا، هەر لەبارەی رێککەوتن و ئاگربەست، لەگەڵ سەرۆکی رووسیاش کۆدەبمەوە.

رەتیشیکردەوە کە هێزەکانی باکووری سوریا جێبهێڵن و رایگەیاند، "بەگوێرەی رێککەوتنەکە هێزەکانمان ناکشێنەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ مستەفا بالی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، تورکیا لە دوێنێ شەوەوە ئاگربەستی شکاندووە و هێرشەکانی بەردەوام کردووە.

ئه‌مڕۆ مستەفالی بالی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: سەرەڕای رێککەوتن بۆ وەستانی جەنگ، بۆردومانی زەمینی و ئاسمانی دەکرێتە سەر شەڕڤانەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان و نەخۆشخانەی سەرێ کانی.

ئه‌وه‌شی وتووه‌: تورکیا لە شەوی رابردووەوە، بە هێرشەکانی ئاگربەستی پێشێلکردووە.

مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا شەوی رابردوو لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاگربەستی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا  راگەیاند و وتی، "ماوەی 120 کاتژمێر جەنگ دەوەستێت و لەو ماوەیە هێزەکانی هەسەدە تا دەرەوەی ناوچەی ئارام دەکشێنەوە، بەڵام سوپای تورکیا لە بۆردومانەکانی بەردەوامە".