تشرینی دووه‌م 12, 2019 16:19 Asia/Tehran
  • دەسگیرکرانی نزیکەى 4000 کۆچبەر لە تورکیا لە ماوەی یەک حەوتەدا

تەنها لە هەفتەى ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا سێ هەزار و 893 کۆچبەریان لە ناوچە جیاوازەکانى ئەو وڵاتە دەستگیرکردووە کە ویستوویانە بە ڕێگایەکی نایاسایی بچنە وڵاتانی یۆنان و بولگاریا.

 

بە  پێی راپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکی، لەو ماوەیەدا و تەنها لە پارێزگای ئیدرنە کە هاوسنورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی یۆنان و بولگاریا، دوو هەزار و 489 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون.

ئاژانسەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەڵێت، یۆنان بە شێوەیەکی نایاسایی و دور لە پەیماننامە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان زۆربەى ئەو کۆچبەرانەش دەگەڕێنێتەوە تورکیا کە دەگەنە ئەو وڵاتە.

هەر لە هەمان ئەو هەفتەیەدا، لە شارەکانی موگڵە، چاناکاڵ، ئیزمیر، بۆردروم، ئەنتاڵیا و ئایدن کە هەموویان دەکەونە سەر دەریا، زیاتر لە هەزار کۆچبەر لەلایەن هێزەکانى پۆلیسی دەریاوانی و جەندرمەوە دەستگیرکراون.

هاوکات لە پارێزگاکانی کیرکلاریل و تێکیرداگ لە باکوری ڕۆژهەڵات و پارێزگای هاتای لە باشوری تورکیا 273 کۆچبەری تر دەستگیر کراون.

بەپێی هەواڵەکەى ئەنادۆڵو، ئەو کۆچبەرانەی دەستگیرکراون زۆربەیانی خەڵکی پاکستان، سوریا، کۆنگۆ، عێراق، ئێران، ئەفغانستان و مەغریب و میسر و بەنگلادش و سۆماڵیا و یەمەن و چەند وڵاتێکی تر بوون.

سەرجەم ئەو کۆچبەرە نائاساییانە کە لەو هەفتەیەدا دەستگیرکراون براون بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی یان نێردراون بۆ بنکەکانى کۆچبەران لەو پارێزگایانە.

بەپێی نوێترین ئامار کە سولێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆیی تورکیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە 373 هەزار و 500 کۆچبەر لەڕێگای چوونیان بۆ یۆنان و بولگاریا دەستگیرکراون کە ئەوەش زۆر زیاتر لەو کەسانەى کە ساڵی 2018 دەستگیرکران کە 268 هەزار بوو.

هەربەپێی قسەکانى سۆیلۆ، لە ماوەى سێ ساڵی ڕابردوودا، 172 هەزار کۆچبەری نائاسایی لەلایەن تورکیاوە دیپۆرتی وڵاتانى خۆیان کراونەتەوە.