تشرینی دووه‌م 17, 2019 16:56 Asia/Tehran
  • سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ئەڵمانیا خەڵاتی ئازایەتی سیاسی پێبەخشرا

دامەزراوەی هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز (Progressive Alliance) کە دامەزاروەیەکی نێودەوڵەتییە و بارەگای سەرەکی لە وڵاتی ئەڵمانیایە، خەڵاتی ئازایەتی سیاسی بۆ ساڵی 2019 بەخشی بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە.

به پیی راپورتی خەندان-خەڵاتەکە لەلایەن باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش وەرگیرا و لە پەیامێکیشدا کە هاوسەرەکەی خوێندییەوە، دەمیرتاش نوسیویەتی، "سەرەڕای ئەو هەمو فشارەی کە لەسەرمانە، بەڵام ئێمە بە هەمو هێزمانەوە بەردەوامین لە روبەڕوبونەوەی ستەمکاری، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری پرەنسیپ و بەهاکانمان بین کە باوەڕمان پێیەتی، ئەو هێزەشمان لە گەلەکەمانەوە وەرگرتوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "خەڵاتی ئازایەتی سیاسی پێشکەش دەکەم بە هەمو پێکهاتەکانی گەلی تورکیا، لەسەروی هەمویانەوە گەلی کورد و گەلانی تێکۆشەری تورکیا، ئەو خەڵاتە پێشکەشە بە هەمو ژنە هاوڕێ دەستگیرکراوەکانمان لە زیندانەکانی تورکیا و هەمو زیندانییەکانی دیکە".هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازی جیهانی ساڵی 2013 بەبەشداری 140 پارتی سیاسی لەسەر ئاستی دونیا پێکهێنراوە و بارەگای سەرەکی لە وڵاتی ئەڵمانیایە، لەسەر ئاستی تورکیا تەنها پارتی گەلی کۆماری (CHP) و پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) ئەندامی ئەو رێکخراوەن.هاوپەیمانیەتییەکە تێدەکۆشێت بۆ بەدیهێنانی بنەماکانی دیموکراسی، یەکسانی رەگەزی، دادپەروەری، مافەکانی مرۆڤ، ئاشتی و روبەربونەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا.  دەمیرتاش ساڵی 2007 لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP) وەکو نوێنەری پارێزگای ئامەد بوەتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لەدوای قەدەغەکردنی دەتەپە لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە، ساڵی 2010 بوەتە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)، دواتر بوە بەھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە).لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا دەستگیرکراو تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە.