کانونی یه‌که‌م 06, 2019 16:29 Asia/Tehran
  • خۆسازدانی ڕووسیاو تورکیا بۆ گرێبەستی تازەی ئێس_٤٠٠

کاربەدەستێکی ڕووسیا باسی واژۆ کرانی گرێبەستی تازەی فرۆشتنی سیستێمی موشەکیی ئێس _٤٠٠ی کرد لە نێوان ئەم وڵاتەو تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا.

«دمیتری شوگایێف» سەرۆکی کۆمپانیای خزمەتگوزراریی ھاوکاریی ھونەری و سەربازیی ڕووسیا«FSMTC» ئەمڕۆ ھەینی بە ھەواڵدەریی ئینتەرفەکسی ڕاگەیاند: مۆسکۆو ئانکارا بە شێوەیەکی ڕێکمەند خەریکی تاوتوێ کردنی گرێبەستی تازەی فرۆشتنی سیستێمێکی بەرەڤانیی موشەکیی ئێس _٤٠٠ی دیکەن بە تورکیا.

نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیاش ئەم ھەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوەو ڕایگەیاندووە کە، کاتی کڕینی ژمارەیەکی زیاتری  سیستێمی موشەکیی ئێس _٤٠٠ بەس شێوازی ھونەریی ھەیەو لە داھاتوویەکی نەک ھێندەش دووردا گرێبەستێکی تازە لەم بوارەدا دەبەسترێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕووسیا ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە، مۆسکۆ ئامادەی فرۆشتنی کۆمەڵێک فڕۆکەی شەڕکەریشە بە نرخێکی ململانێ ھەڵگر بە تورکیا.

ئەمریکا بەرڕدەوام بۆ وازھێنان لە کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس _٤٠٠ لە ڕووسیا گوشار دەخاتە سەر تورکیا. ھەر لەم ئاراستەیەش دا تورکیای لە پرۆژەی فڕۆکەکانی ئێف_٣٥ وەلا ناوەو لە بارەی داسەپاندنی بایکۆت بە سەر ئەو وڵاتەدا وشداری داوە.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بەبێ ئەوەی گوێ بە وشداری دان و ھەڕەشەو گوڕەشەکانی کاربەدەستانی ئەمریکی بدات پێداگرە لە سەر ڕاپەڕاندنی گرێبەستە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆو ئانکارا لەوانە کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس _٤٠٠ لە ڕووسیا.

 

سەرپەیڤ