کانونی یه‌که‌م 13, 2019 16:21 Asia/Tehran
  • میت رۆمنی: تورکیا هێرشیکردوەتە سەر هاوپەیمانە کوردەکانمان و دەبێت سزای بدەین

یەکێک لە سیناتۆرەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەر پشکی کۆمارییەکان رایگەیاند، حکومەتی تورکیا هێرشی کردۆتە سەر هاوپەیمانە کوردەکانمان و دژبە ئێمە کار دەکان، بۆیە پێویستە وەڵامی ئەو هەڵسوکەوتانەی بدەینەوە.

میت رۆمنی، سیناتۆر لەسەر پشکی کۆمارییەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "تورکیا لە سوریا داگیرکاری ئەنجامداوە و هێرشیکردوەتە سەر هاوپەیمانە کوردەکانمان، ئێستاش دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا سیستەمی موشەکی ئێس-400 ی روسی تاقیدەکاتەوە ".رۆمنی نوسیویشیەتی "داوا لە هاوکارانم دەکەم پشتگیری لەو سزایانە بکەن لیژنەی کاروباری دەرەوە دژ بە هەڵوێستەکانی تورکیا بەیانی ئەمرۆ دیاریکردوە".

چەند کاتژمێرێک پاش ئەو تویتەی رۆمنی، کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتوەکان بە کۆی دەنگ و دژ بە حکومەتی تورکیا پرۆژەیاسای بە جینۆساید ناساندنی کۆمەلکوژی ئەرمەنەکانی پەسەندکرد، کە ساڵی 1915 لە لایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە ئەنجامدرا.چوارشەممەی رابردوش، لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا دەنگیدا و جەیمس ریچ، یەکێک لە سێناتۆرەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند "رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، وڵاتەکەی بەرەو ئاقارێکی خراپ بردوە".