کانونی یه‌که‌م 20, 2019 13:48 Asia/Tehran
  • ھەڵبژاردنی «داوود ئوغلو» بۆ سەرۆکایەتیی پارتی «داھاتوو»ی تورکیا

«ئەحمەد داوود ئوغلو» سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا وەکوو یەکەم سەرۆکی پارتی «داھاتوو»ی ئەم وڵاتە ھەڵبژێردرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی ئاناتۆلیی تورکیا، «ئەحمەد داوود ئوغلو» سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا لە کۆبوونەوەی دامەزرێنەرانی پارتی «داھاتوو»ی تورکیا ، ڕەزامەندیی ھەر ١٣٢ ئەندامەکەی ئەم پارتەی بەدەست ھێنا وەکوو یەکەم سەرۆکی پارتەکە ھەڵبژێردرا.

داوود ئوغلو لەپاش بەرپا کرانی کۆبوونەوەی دیاری کردنی سەرۆکایەتیی پارتەکەیان لە لێدوانێکدا وتی: ئامانجی پارتەکەی بەشداری کردن لە ژیانی سیاسیی تورکیاو خزمەت کردن بە خەڵکی ئەم وڵاتەیە.

ناوبراو ھەینیی ڕابردوو لە ئاھەنگێکدا لە ئانکارا دەستبەکار بوونی فەرمیانەی «پارتی داھاتوو»ی ڕاگەیاند بوو.

بە بڕوای لێکۆڵەران، دامەزرانی ئەم پارتە دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی دەنگی پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشە و گوێزرانەوەی ئەو دەنگانە بۆ ئەم پارتە تازەدامەزراوە.

«پارتی داھاتوو» یەکەمین پارتێکە کە بەھۆی کۆنە ھاوپەیمانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردوغانەوە دادەمەزرێت.

داوود ئوغلو پێشتر ئەندامی پارتی دادوگەشە بووەو لە دەوڵەتی ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا وەک وەزیری دەرەوەو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران چالاکیی نواندووە.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا وێڕای ڕەخنە گرتن لە کردەوەی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە سپتامبەری ڕابردوودا لە پارتی دەستەڵاتداری دادوگەشە کشایەوە.

سەرپەیڤ