ئادار 31, 2020 17:35 Asia/Tehran
  • تورکیا چەکدارە سوورییەکانی لە لیبیا دەستخەڕۆ کردووە

چەکدارە سورییەکان، کە تورکیا ڕەوانەی لیبیای کردوون، تووشی جۆرێک لە پشێوی و پاشاگەردانی بوونەتەوە، شەڕیش بەخەستی لە نێوان سوپاسی نیشتمانی لیبیا و چەکدارانی حکومەتەکەی فایز سەڕاج دەستی پێکردووەتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، چەکدارە سورییەکانی لیبیا، هەست بە دوڕدۆنگییەکی (بێزاری) زۆر دەکەن، چونکە تورکیا ئەو بەڵێنانەی نەبردوونەسەر، کە پێ دابوون، ئێستاش لەدۆخێکی خراپدا دەیگوزەرێنن. یەکێک لە چەکدارەکان لە تۆمارێکی دەنگیدا، باس لە پەشیمانبوونەوەی هەموو چەکدارە سورییەکان دەکات بە هاتنیان بۆ لیبیا، دەشڵێت: تورکیا بەڵێنەکانی بۆ نەبردوونەتە سەر و ئەوان کەوتوونە تەڵەزگەیەکی گەورەوە. لە چەند مانگی پێشوودا، تورکیا هەزارەها چەکداری سوری بردوونەتە لیبیا بۆ پشتیوانیکردن لە میلیشیا چەکدارەکانی حکومەتەکەی سەڕاج و بەرگرتن بەپێشڕەووی هێزەکانی سوپای نیشتمانی لیبیا بەرە و دەوروبەری تەڕابلوسی پایتەخت. تورکیا لەو پرسەدا، سیاسەتێکی دووسەرەی لەگەڵ ئەو چەکدارە سوریانەدا پیادە کردووە، لە لایەک بەڵێنی بەخشینی پارە و پولی پێداون و لە لایەکیش ترساندونی.ئەو چەکدارە لەو تۆمارە دەنگییەدا، داوای لەو کەسانە کردووە نیازیان هەیە بچنە لیبیا، بە بڕیارەکەی خۆیاندا بچنەوە، چونکە دۆخی ئەوان زۆر نالەبارە. چەکدارەکە باسی ئەوەشی کردووە، کە تورکیا ئەو بەڵێنانەی نەبردوونەتە سەر، کە پێی دابوون، کە بڕیار بوو مانگانە 2000 دۆلاری ئەمریکی وەربگرن. لەو بارەوە چەکدارەکە دەڵێت: تورکیا تەنیا مانگی یەکەم ئەو بڕە پارەی پێداون، دواتر هیچی دیکەی پێ نەداون. ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێشتر باسی لە کەمکردنەوەی کرێی ئەو چەکدارە سورییانەی کردبوو، کە تورکیا ڕەوانەی لیبیای کردوون و ژمارەشیان گەیشتووەتە 6000 چەکدار، 1900 چەکداری دیکەش لە سەربازگەکانی تورکیادا خەریکی مەشق و ڕاهێنان.لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا، 8 لەو چەکدارانە کوژراون، بەمەش ژمارەی سەرجەم کوژراوانی ئەو چەکدارە سورییانە لە لیبیا کەیشتووەتە 151 چەکدار، کە زۆرینەشیان سەر بە (لیوای موعتەسەم و فیرقەی سولتان موڕاد و لیوای هەڵۆکانی شام و لیوای حەمزە و لیوای سلێمان شان)ن.