نیسان 05, 2020 18:27 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان قەدەخەی هاتووچۆی لە شارە گەورەکانی تورکیا راگەیاند

سەرۆک کۆماری تورکیا قەدەخەی هاتووچۆی لە 30 گەورەشاری وڵاتەکە راگەیاند و دەڵێت، لە ئەمشەوەوە هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوە تێیاندا قەدەخە دەکرێت

لەمیانی گوتارێکی لە ئیستەنبووڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چەند رێنماییەکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لەئەمشەو بەدواوە لە 30 گەورەشار و شاری زۆنگوڵداک کە رێژەی نەخۆشیی سییەکان تێیدا بەرزە، بەڕووی چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێن".

بە گوتەی سەرۆک کۆماری تورکیا، تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانە بۆیان هەیە چوونەژوورەوە و هاتنە دەرەوە لەو شارانەدا بکەن کە خۆراک و پێویستییە سەرەکییەکان دەگوازنەوە. "ئەم قەدەخەیەی 30 گەورەشار و زۆنگوڵداک لە قۆناخی یەکەمدا 15 رۆژ دەخایەنێت. دواتر بەپێی پێویستی درێژی دەکەینەوە".

ئەردۆغان هەروەها لەبارەی قەدەخەی لە ماڵ چوونەدەرەوە رایگەیاند، پێشتر ئەم قەدەخەیە لەسەر تەمەنی سەروو 65 ساڵ بوو، لە ئێستاوە تەمەنی کەمتر لە 20 ساڵیش دەگرێتەوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیکردەوە کە ئەگەر هاووڵاتیان زۆر ناچار نەبوون، نەڕۆنە دەرەوە و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. هاوکات ئەوانەی دەچنە دەرەوە دەبێت دەمامک بپۆشن، ئەگەر نا سزادەدرێن.