ئه‌یلوول 08, 2020 19:23 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: پارتی کرێکارانی کوردستان‌ ده‌ستی به‌سه‌ر سلێمانی دا گرتووه‌ و بەتەمای هه‌ولێریشە

مەولودچاووش ئوغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە: لە ئێستادا پارتی کرێکارانی کوردستان‌ ده‌ستی به‌سه‌ر پارێزگای سلێمانی دا گرتووه‌ و بەتەمایە دەست بەسەر پارێزگای هه‌ولێریش دا بگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی تورکیا، «مەولودچاووش ئوغلو» وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا  له‌میانی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆنگۆ وێڕای ئاماژە کردن بە ئامادە بوونی ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ، پێی داگرت: پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ولێر و حکومه‌تی هه‌رێمدا بگرێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ڕایگەیاند، پەکەکە بە تەمایە ئەوەی وا لە شاری سلێمانی دا کردوویەتی لە ھەولێریش دا بیکات و ئەو پارێزگایەش بکات بە شوێنی ڕمبازێنی خۆی.

چاووش ئوغلو وتیشی: ڕاستە ئێمە  دژی پەکەکەین  بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە دژی کوردین، چونکو نابێ ئەو ڕاستییەمان لەبیر بچێت کە لە ئێستادا کورد بۆ خۆی گەورەترین زه‌ره‌رمه‌ندی دەستی پەکەکەیەو ئەو ڕێکخراوە چەکدارییە ھێندەی  زیانی بە کورد گەیاندووە، ئەوەندە زیانی بە کەس نەگەیاندووە.

«مەولودچاووش ئوغلو» وێڕای بانگەشەکردنی ئەوەی کە ئێمە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین لە رۆژە سەختەکاندا، وتیشی: ئێمه‌ هەمیشە کورد لە پەکەکە جیا دەکەینەوە، بۆیە لە سەردانەکەی دا بۆ تورکیا ئاڵای کوردستانیشمان بۆ نێچیرڤان بارزانی دانا.

سەرپەیڤ