ئه‌یلوول 22, 2020 19:34 Asia/Tehran
  • ئەردوغان: کێشەی فەلەستین بەبێ پێکھاتنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان چارەسەرنابێت

رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەکۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند: کێشەی فەلەستین بەبێ پێکھاتنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان چارەسەرنابێت.

رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریی کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکانی کردووە، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک ئاوڕی لە ھێندێک لە کێشەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین و بەتایبەت ئەو گرفتانەی کە ڕاستەوخۆ تورکیای تێوەگلاوە، دایەوەو پێی داگرت: لە ئێستادا کاری لەپێشینەمان چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکەیە و لەو چوارچێوەیەشدا دەمانەوێت کێشەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ یۆنان چارەسەر بکەین.

سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی لیبیاوە ڕایگەیاند: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر کێشەکانی لیبیا دۆش داماوەو نەیتوانیوە بەشێوەی پێویست مامەڵەی لەگەڵ بکات.

ئەردوغان لەبارەی کێشەی فەلەستینیشەوە، جەختیکردەوە کە کێشەی فەلەستین بەبێ پێکھاتنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان چارەسەرنابێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەکەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان دا ئاوڕی لە قەیرانی سووریاش دایەوە کە ھۆکاری بەشێکی بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەتەکەی خۆدی ئەردوغان دەگەڕێتەوەو وتی: تورکیا ئاشتی و ئارامیی بۆ ناوچەکە دەوێت، بەڵام پێویستە سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رەچاوی پاراستنی ئارامی وڵاتەکەی بکەن، بەتایبەتیش کاتێک چەند گروپێک لەخاکی ئەو وڵاتەوە ئارامی لە تورکیا تێک دەدەن. 

لەئێستادا کۆبونەوەی کۆگەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بەشێوەی ئۆنلایەن بەڕێوەدەچێت و زۆرێک لە سەرکردەکانی جیھانیش تیای دا بەشدان.

سەرپەیڤ