ئه‌یلوول 26, 2020 00:23 Asia/Tehran
  • پشتیوانی ڕاگەیاندنی کلیچدار ئوغلو بۆ ھەدەپە

کەمال کلیچدار ئوغلو، لە پەیوەندییە تەلەفۆنی دا لەگەڵ «مەدحەت سەنجەر» و لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەربە ڕاپێچ کرانی ٨٢ سیاسەتڤانی کوردی تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی دیموکراتی گەلان «ھەدەپە» ڕاگەیاند.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دوابەدوای دەرچوونی بڕیاری گرتن بۆ ٨٢ چالاکڤانی کوردی تورکیا،« کەمال کلیچدار ئوغلو» سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا «جەھەپە» لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا بۆ «مەدحەت سەنجەر» ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان«ھەدەپە»، وێڕای ڕاگەیاندنی ھاوپشتیی خۆی بۆ ئەم پارتە، کردەوەی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیای لە ئانکارا ئیدانە کرد.

بە پێی نووسینی ڕۆژنامەی «بیرگۆن»، لەم بارەیەوە پارتی دیموکراتی گەلان«ھەدەپە»ش بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک جەختی لەوە کردەوە کە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ھاوسەرۆکی «ھەدەپە» وردیاتی ئەو ھێرشی گرتن و ڕاپێچ کردنانەی بۆ «کلیچدار ئوغلو» ڕوون کردووەتەوە.

«مەدحەت سەنجەر» جارێکی تر جەختی لەوە کردووەتەوە کە، ئەو ھێرشانە بۆ سەر دیموکراسی و ئاشتی و ئازادیی کراون. دیارە حکومەت لە نێوخۆو دەرەوە توشی چەقیەستووییەکی گەورە ھاتووەو ھەر لە بەر ئەوەش بە پەرە پێ دانی شاڵاوەکانی دژی پارتی دیموکراتی گەلان«ھەدەپە» لە ھەوڵی شاردنەوەو داپۆشینی دۆخی ئێستای خۆی و دەستەڵات گرتنەوەی دووبارەیە. بە دڵنیاییەوە ئەو ھێرشانە لە بنەڕەت دا نەک ھەر بۆسەر «ھەدەپە» بەڵکو بۆ سەر تێکڕای ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا ئەنجامی گرتووەو تەنیا بە خەباتێکی ھاوبەشیش دەکرێ پێشیان پێ بگیردرێت.

«کەمال کلیچدار ئوغلو» سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا «جەھەپە»ش لە وتەکانی دا جەختی لەوە کردەوە کە، ئەو ھێرشانە سیاسین و دیارە وەھا ھێرشێک بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆن بە واتای دۆش دامانی  دەستەڵاتی سیاسی لە ھەر ڕوویەکەوەیە و ئێمەش لەم بوارەدا پشتیوانیی خۆمان بۆ پارتی دیموکراتی گەلان«ھەدەپە» دەردەبڕین و یەکگرتنی خۆمانی لەگەڵدا ڕادەگەیەنین.

سەرپەیڤ