ئه‌یلوول 29, 2020 12:49 Asia/Tehran
  • ئەرمینیا: بێ باکین لە بەکارھێنانی موشەکی «ئەسکەندەر»ی رووسی دژی تورکیاو ئازەربایجان

باڵوێزی ئەرمینیا لەرووسیا ھەڕەشەی کردووە، ئەگەر بێتو تورکیا فڕۆکەی «ئێف-١٦» بەکار بێنێ ئێمەش بە موشەکی «ئەسکەندەر»ی رووسی وەڵامی دەدەینەوە.

«ڤاردیان تاگانیان» باڵوێزی ئەرمینیا لەرووسیا ھەڕەشەی لە تورکیا کردووە کە، ئەگەر بێتو فڕۆکەی «ئێف-١٦» لە شەڕەکانی «قەرەباغ»دا بەکاربهێنێت، ئەوسا ئەرمینیاش خۆی لە بەکارهێنانی موشەکی "ئەسکەندەر"ی رووسی لەدژی نەیارەکانی نابوێرێ.

باڵوێزی ئەرمینیا لەرووسیا بەئاژانسی سپۆتنیکی روسیی ڕاگەیاندووە:  وڵاتەکەمان سیستەمی بەرەڤانیی ئاسمانیی پێویستی لەبەردەستە بۆئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تورکییەکان تێکبشکێنێت.

«تاگانیان» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، سەرکردایەتیی سەربازیی ئەرمینیا چەندین جار ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە ئەگەر بێتو  فڕۆکەی "ئێف-١٦"  وەک شمشێری «دامۆکلیس» بەڕووی گەلی «قەرەباغ»دا بەرزبکرێتەوە، ئەوە وڵاتەکەیان لەگرتنەبەری هەموو ڕێکارێک لەوانە بەکارهێنانی موشەکی ئەسکەندەر سڵ ناکاتەوە، واتە هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا هەموو جبەخانە سەربازییەکەی بەکاردەهێنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا لە ئەستەمۆڵی تورکیا، پێی لە سەر ئەوە داگرت کە ئەرمینیا دەبێ بە چۆڵ کردنی سەرزەوییە داگیرکراوەکانی کۆماری ئازەربایجان، ئاشتی و ئۆقرەیی لە ناوچەکەدا بچەسپێنێ.

سەرپەیڤ