کانونی دوھەم 11, 2021 22:16 Asia/Tehran
  • بانگەشەی تورکیا لە بارەی کوشتنی ٢٢٦ تیرۆریست لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو

وەزیری بەرەڤانیی تورکیا بانگەشەی کردووە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو ٢٢٦ تیرۆریست لە نێوخۆو دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئاناتۆلی، وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا ڕۆژی دووشەممە لە بەیانامەیەک دا ڕایگەیاند: سوپای تورکیا ٤٣ ئۆپراسیۆنی دژی تیرۆریستان  لە نێوخۆو دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتە ئەنجام داوە.

وەزارەتی بەرەڤانیی تورکیا لە بەیاننامەکەی دا وێڕای ئاماژە کردن بە بەردەوام کردنی ھێرشەکانی دژی تاقمە تیرۆریستەکان لە نێوخۆو دەرەوە، جەختی کردووەتەوە لە سەر تەفروتونا کردنی یەکجاریی ئەو تاقمانە.

خەباتی تورکیا دژی خۆی وتەنی تیرۆریستان لە کاتێکدایە کە ستراتژیای دەوڵەتی ئانکارا لە ھەمبەر تیرۆریزم دووفاقانەیەو لە شەڕی عێراق و سووریادا ، تورکیا لە تاقمە تیرۆریستەکان و بە تایبەت داعش پشتیوانیی دەکردو لە ئێستادا کە واھەست دەکات بەرژەوەندییەکانی کەوتونەتە مەترسی بەگژیاندا دەچێتەوە.

سەرپەیڤ