تشرینی دووه‌م 25, 2015 19:38 Asia/Tehran
  • سووربوونی ڕووسیا لەسەر ئەوەی کە کردەوەی تورکیا بەدژی فڕۆکەی جەنگیی ڕووسیا پلان بۆ کراو بووە

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی کە بەردرانەوەی فڕۆکەی شەڕ کەری سیخۆ -24 ی ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە ، کردەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو و دنەدەرانە بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا ، "سێر گێی لاڤڕۆف" ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە پڕێس کۆنفڕانسێکدا لەگەڵ هەواڵنێرانی میدیاکان لە مسکۆ کوتی : لەوە ناچێت پێکرانی فڕۆکەی جەنگیی تەنیا ڕووداوێکی بە هەڵکەوت نەبووە ، بەڵکوو هەنگاوێگی بەرنامە بۆ کراو بووە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کردەوەی تورکیای لە بەردانەوەی فڕۆکەی جەنگیی سیخۆ-24 ی ڕووسیا ،بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە پێناسە کرد و بە پاساو هەڵنەگری زانی.
لاڤڕۆف بە ڕاشکاوی کوتی : ڕووسیا لەگەڵ تورکیا بەشەڕ نایات ، بەڵام بە سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا دەچێتەوە و ئەو شتەی کە ڕۆژی ڕابردوو ڕووی داوە بێ وەڵام نامێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کوتی : ئەرتەشی ڕووسیا لەسەر داوای سووریا لەو وڵاتەدا ئامادە بووە و لەتەنیشت دەوڵەتی یاسایی و ڕەوای سووریا ، سەرقاڵی شەڕ بەدژی گروپە ڕەشەکوژییەکانە.
لاڤڕۆف هەروەها کوتی: هەوڵ دەدرێت تاکوو کێشەیەکی جیددیبۆ هاووڵاتیانی ڕووسیا ساز نەبێت ، بەڵام داوا لە هاووڵاتییەکانی ئەو وڵاتە کراوە لەبەر مەترسییەکی زۆر کە لەسەفەر بۆ تورکیا بۆ ئەوان لە ئارا دایە ، سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.
فڕۆکەیەکی شەڕ کەری سیخۆ-24ی ڕووسیا ڕۆژی ڕابردوو سێشەممە لەلایەن تورکیاوە کرایە ئامانج و لە سووریا کەوتە خوارەوە.
شایانی باسە "ڤێلادیمیر پووتین" ی سەرۆک کۆماری ڕووسیاش ڕۆژی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنی بە شای ئەردەن و لە کاردانەوە بەرامبەر بەم هەواڵە کوتی : دارودەستەکانی ڕەشەکوژان لە پشتەوە کێردیان لێ داین و بەردرانەوەی فڕۆکەی ڕووسیا شوێنهاتی جیددی لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دەبێت.