شوبات 13, 2016 11:22 Asia/Tehran
  • ئاخاوتنی زەریف لە کۆڕبەندی ئاسایشیی مونیخ

وەزیری دەرەوەی ئێران تایفەگەری و توندئاژۆیی بە هەڕەشەیەکی گەورە زانی بۆ ناوچەکە و جیهان.

محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی لە کۆڕبەندی ئاسایشیی مونیخ لە ئاڵمان بە ئاماژە بە هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەکان بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: تەواوی وڵاتانی ناوچە هەرەشە هاوبەشیان لەسەرە و تیرۆریزم هەڕەشە لەهەموو وڵاتان لەوان وڵاتانی رۆژئاواییش دەکات.

زەریف چارەسەریی کێشە ناوچەییەکانی بەوە گرێ داوە کە پێویستە روانگە و بۆچوونەکان بۆ واقع و ڕاستییەکان دەبێ بگۆڕدرێن و وتی: ئێستا جیهان بەرەوڕوی کێشەیەکی هاوبەش بە ناوی تیرۆریزم بۆتەوە و هەموو وڵاتانی جیهان دەبێ لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە چەپەڵە هاوکاری یەکدی بکەن.

سەرۆکی دەزگای دیپڵۆماسی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بە وەبیر هێنانەوەی گرنگایەتی دەڤەری کەنداوی فارس وتی: هاوکارییەکان و وتووێژی ژیارەکان گۆڕانی نوێ و گەرەنتی ئاسایشی سنورەکانی لێدەکەوێتەوە.

زەریف هەروەها بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە ناوچەییەکانی عەرەبستان لەهەمبەر ئێران وتی: عەرەبستان ڕێگای بەتاوان ناساندنی ئێرانی گرتۆتەبەر و هەوڵ دەدا ئێران لە کۆڕە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دا وەلانێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە رەوتی دانوستانە ناڤۆکییەکانی ئێران لەگەڵ پێنج کۆ یەکیش وتی: لایەنەکانی دانوستان لە ساڵی 2013 ڕا هەوڵیان دا پرسی ناڤۆکیی ئێران لە سوچێکی جیاوازەوە سەیر کەن.

زەریف وتی: بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران تەواو ئاشتی خوازانەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی کۆنتڕۆڵی بەرنامەکە و هەنگاوەکانی ئێرانی لە ژێر چاوە.

سەرۆکی دەزگای دیپڵۆماسیی ئێران درێژەی بەرنامەی ئاشتی خوازانەی ناڤۆکی بە مافی ڕەوای ئێران زانی و وتی: رێککەوتنی ناڤۆکی دەتوانێ ببێتە مۆدێڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها رێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکانی بە دەرفەتێک بۆ داڕمانی"شورەی بێ متمانەیی" لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا زانی و وتی: ئێران بە گوێرەی رێککەوتن ئەرکەکانی خۆی بە جێ هێناوە و ئەمریکاش دەبێ نیاز پاکی خۆی نیشان دا.

پێنجاودوهەمین کۆڕبەندی ئاسایشیی مونیخ رۆژی هەینی بە مەبەستی تاوتوێ کردنی قەیرانیە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە ئامادەبوونی سەرکردەکان و هەندێک لە کاربەدەستی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ئاڵمان دەستی بە کار و چالاکی کرد.