ئاب 27, 2016 09:35 Asia/Tehran
  • زەریف لەگەڵ سەرۆک کۆماری بولیوی کۆبوەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەرۆک کۆماری بولیوی دیدار و سەبارەت بە پرسە دوو لایەنەکان وتووێژی کرد.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا لە دیداری ئێڤۆ مۆرالێس سەرۆک کۆماری بولیوی لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە "داوید چوکە هو وانکا"ی وەزیری دەرەوەی بولیویش لەم دیدارە دا ئامادە بوو،جەخت کرا لەسەر پەرەی هاوکارییە دوو قۆڵیییەکانی نێوان دوو وڵات.

هەروەها بڕیارە یەکەم کۆبوونەوەی بازرگانی و سەرمایەدانانی ئێران و بولیوی بەڕێوە بچێ و تا ئێستا زیاتر لە 100 کەس لە بازرگانان و چالاکانی بولیوی بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوەیە ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاندوە.

پاش ئەو کۆبوونەوەیە ڕێ و ڕەسمی واژۆ کردنی لێکتێگەیشتن نامەی هاوکاریی فەزایی لە نێوان رێکخراوی فەزایی ئێران و بولیوی لە بەردەم وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵات بەڕێوە دەچێ.

بێجگە لەو بەرنامانە، بڕیارە باڵاترین نیشانی حکومیی بولیوی بە وەزیری دەرەوەی ئێران ببەخشرێ.

محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پێنجەمین سەردانی خۆی دا لە درێژەی گەشتەکەی بۆ ئەمریکای لاتین رۆژی هەینی گەیشتە سانتاکروز.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە یەکەم سەردانی دا بۆ ئەمریکای لاتین بەر لە بولیوی سەردانی هەر یەکە لە وڵاتانی کوبا،نیکاراگوا،ئێکوادۆر، و شیلی کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە دیدار و وتووێژی کرد.

شاندێکی ئابوری 60 کەسە لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی کەرتی تایبەت و زیاتر لە 20 کەس لە بەڕێوەبەرانی ئابوری کەرتی حکومی لەو سەردانە دا هاوڕێی زەریفن.

سەرۆکی دەزگای دیپڵۆماسی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش بولیوی و لە دوایین سەردانی دا دەچێتە کاراکاس پێتەختی وێنزۆئێلا.