ئاب 27, 2016 10:47 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئەمریکا بە هەڵمەتی بەلەمە خێراکانی سپا لە گەرووی هورموز

کۆشکی سپی سەبارەت بە بەرەوڕووبوونی بۆ چەندەمین جاری پاپۆڕی ئەمریکی لەگەڵ بەلەمەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لە گەرووی هۆرمۆز نیگەرانی دەربڕیوە.

بە پێی ڕاپۆری کەناڵی پرێس تی ڤی؛ جاش ئێرنێست وتەبێژی کۆشکی سپی ، دوێنێ هەینی لەپرێس کۆنفرانسێکدا وتی: ئامانجی بەلەمە ئێرانییەکان لەو ڕووداوەدا ڕوون نییە، بەڵام ڕەفتاریان قەبووڵنەکراوە.

شیاوی ئاماژەیە، بەلەمە خێراکانی سپای پاسداران لە کاردانەوە بە جم و جۆڵەکانی سوپای ئەمریکا لەهێڵی سنووریی ئاوەکانی ئێران، هەتا مەودای٢٧٠میتری پاپۆڕی ئەمریکیی نیتز چوونەپێش.

جاش ئێرنێست وتی: لە کەشێکی پڕهاتووچۆی وەک گەرووی هۆرموز، ئەو چەشنە کردانە، ئاستی مەترسییەکانی هاوپێوەند بە ئەگەری ئەنجامگرتنی کردەی هەڵە زیاد دەکا.

ئەو لێدوانەی جاش ئێرنێست لەحاڵێکدا هاتووەتە ئاراوە کە حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی و پشتیوانی ‌هێزە چەکدارەکانی ئێران، بەرلەوە، لە کاردانەوە بەو پرسە، وتی: ئەگەر هەر گەمییەکی بیانی بێتە نێو ئاوەکانی ئێران ، وشدارییان پێ دەدەین و ئەگەر دەسدرێژکار بن بەرەوڕوویان دەبینەوە.