ئاب 28, 2016 11:09 Asia/Tehran
  • ئەمریکا ، ئامانجی شوێنەوارە مێژووییە دزراوەکان لە ئێراق و سووریا

ئەمریکا، گەورەترین ئامانجی شوێنەوار و کەلوپەلی مێژوویی دزراو لە ئێراق و سووریایە.

سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان لەحاڵێکدا باسی برەوی ئالووێری قاچاخی شتومەکی مێژوویی ساختە لەئێراق و سووریا لە بازاڕەکانی ناوچە دەکەن کە بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆری میدیاکانی ئینگلیز، ئەمریکا هەروا گەورەترین ئامانج و بازاڕی ڕەشی شوێنەوارە بەتاڵانبراوە سەرەکی و دەسکردەکانی ئێراق و سووریا لەلایەن تیرۆریستانە.

ماڵپەڕێکی ئێراقی ناسراو بە سکای ئێراق، بەگێڕانەوە لە ڕاپۆری ڕۆژنامەی تایمزی لەندەن سەبارەت بە برەوسەندنی بازاڕی ڕەشی شتومەکە دەسکردەکان، ڕایگەیاند کە ، پاش پێشوازی هۆگران لە کۆکردنەوەی شتومەکی بەنرخی مێژوویی شوێنەوارە بەتاڵانبراوەکان لە ئێراق و سووریا، کاری چێکەرانی شتومەکە دەسکردەکانیش برەوی سەندووە. لەو ڕاپۆرەدا ئاماژە دەکرێ بە هەندێ شوێنەوار لەوان، ئینجیل، قورئان، پەیکەرەو پارەی دەسکرد وتەنانەت پەڕتووک وکتێبی کۆنی دەسنووی ساختە کە وەک شتە بەنرخ و گرانباییەکان لە بازاڕە ڕەشەکان دەفرۆشرێن و ئەوەی کە ئامانجی گشت ئەو شتومەک و شوێنەوارە بەنرخ و گرانباییانە، تورکیاو لوبنانەو لەو وڵاتانەشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا دەگوێزرێنەوە.

لە هەمان کاتدا، مەئمون عەبدولکەریم بەرپرسی گشتی شوێنەوارە کەونارایییەکان ومۆزەخانەکانی سووریا لەمەڕ باسکردنی خاڵە سرنجڕاکێشەکانی بازاڕی ڕەشی کەرەستە مێژووییەکان، وتی کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ، ڕێژەی قاچاخی ئاسەوارە دەسکردە فرۆشراوەکان لە لوبنان لە سەتا سی بۆ سەتا ٧٠ زیادی کردووە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەرپرسانی ئەمریکی کە وڵاتەکەیان تۆمەت گەلێکی پاڵ دراوە لەمەڕ بەتاڵان برانی ئاسەوارەکانی ئێراق و سووریا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەکی گشتداگر لەگەڵ بەغدا کە هاوپێوەندە بەگرێبەستی دوو وڵات پێش چوونەدەری سەربازانی ئەمریکایی لە ئێراق لە ساڵی٢٠١١دا، چەندین جار بەڵێنیان داوە، یارمەتی حکومەتی ئێراق بدەن لە گەڕاندنەوەی کەرەستەو ئاسەوارە مێژووییەکان.