تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 08:34 Asia/Tehran
  • دەس پێ بوونی دانیشتنی ڕێکخراوی هاوکاریی ئسلامی لە ئۆزبەکستان

چل و سێیەمین کۆڕی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان لە تاشکەندی پێتەختی ئۆزبەکستان دەس پێ کرا.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)، ئەیاد مەدەنی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان لە وتاردانەکەی خۆی لە دەسپێکی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند کە "وڵاتانی ناوچە بەتەواوەتی پێبەندن بەسەروەریی سوریاو سەربەخۆیی ئەو وڵاتەو یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکەکەی."

ناوبراو هەروەها هیوای خواست؛ ڕەوتی ڕزگارکرانی موسڵ لەبن دەستی گرووپی ڕەشەکوژی داعش، ئۆلگو و سەرچەشنێکی شیاو بێت بۆ یەکگرتوویی ئێراق.

بەقسەی ئەیاد مەدەنی لەو کۆبوونەوەدا، گرینگترین پرس وبابەتەکانی هاوپێوەند بە جیهانی ئیسلام ولەسەروویانەوە، پرسی فەلەستین و داگیرکەریی ئیسرائیل و ستەمی بەردەوام لەدژ برایانی فەلەستینی، لێک دەدرێتەوە.

ناوبراو پێی داگرت، جیهانی ئیسلام بەرەوڕووی ڕاستی گۆڕانی کەرتی غەززە بۆ زیندانێکی مەزنە.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان وتی؛ تیرۆریزم نەک ئاشتی و ئاسایش لە ناوچە دەخاتە مەترسی، بەڵکوو بەشێوەیەکی بەرفراوان زیان دەگەیێنێ بە ماک و شوناسی ئیسلامی.

ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان بە ٥٧ ئەندام، سێیەمین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پاش ڕێکخراوی نەتەوەکان و ڕێکخراوی بزووتنەوە بێلایەنەکان بەئەندامەتی وڵاتانێ لە چوار بە ژی جیهانە.