تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 11:54 Asia/Tehran
  • داکۆکی ئیتالیا لە سەر درێژەی ڕەوتی رامیاری لەمەڕ چارەسەریی قەیرانی سووریا

وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، جەختی کرد لەسەر درێژەی ڕەوتی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ کۆتایی هێنان بەقەیرانی سوریا.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ڕای نیوزی ئیتالیا، پائۆلۆ جێنتیلۆنی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا دوێنێ سێ شەممە پێی داگرت لەسەر پێویستی دەستتێوەردانی ڕووسیاو کەڵک وەرگرتنی ئەو وڵاتە لەدەسەڵاتی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سوریا بەتایبەت شاری حەڵەب.

جێنتۆلۆنی وتی: لەڕۆژانی داهاتوودا، ڕووسیا دەبێ لە هێزو دەسەڵاتی خۆی بۆ ڕاگرتنی بۆردومانەکان لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب کەڵک وەربگرێ.

بەم پێیە، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وتی: یەکێتی ئوروپا بەمەبەستی باس و خواس لەسەر داهاتووی سوریا پاش شەڕ وپێکدادانەکان، لەگەڵ دەورگێڕانی سەرەکیی ناوچە دانوستان ئەنجام دەدات.

رووسیا لە هەنگاوێکی هاواهەنگ لەگەڵ حکومەتی سوریا، پێگەو مۆڵگەکانی گرووپە ڕەشەکوژەکان لەوان داعش لە شاری حەڵەب بۆردومان دەکات.

لەهەمان کاتدا بڕیارە ئاگربڕێکی مرۆدۆستانە لە ڕۆژی پێنج شەممە(سبە) دا کە بوارخۆشکەر بێ بۆ چوونەدەری کەسانی سیڤیل لە شاری حەڵەب ، جێگیر بکرێ.

قەیران لە سوریا لەساڵی٢٠١١وە بەهێرشی بەرفراوانی گرووپە ڕەشەکوژەکان کە داکۆکی عەرەبستان، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەوانیان لەپشتە، بۆ ڕووخاندنی حکومەتی یاسایی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا دەس پێ بووە.