تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 18:57 Asia/Tehran
  • خرانەڕووی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ڕاگرتنی داکۆکی گرووپەکانی دژە سوری

ڤیتالی چورکین نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی خستووەتە بەردەست ئەنجومەنی ئاسایش کە تێیدا داوا لە هەموو وڵاتان کراوە کۆتایی بێنن بە داکۆکی کردنیان لە گرووپە چەکدارەکانی دژە سوری.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ڤیتالی چورکین نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لەڕێکخراوی نەتەوەکان ئەمڕۆ چوارشەممە لەنێو کۆڕی پەیامنێراندا وتی: مۆسکۆ سوورە لەسەر ڕاگرتنی هاوکاری هەمو وڵاتان لەگەڵ گرووپە شەڕخوازەکان لە سووریا.

کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی حکومەتی ڕووسیا بەگێڕانەوە لە چورکین وتی: وڵاتانی خاوەن دەسەڵات لەنێو گرووپە بەرهەڵستکارەکان لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب و ناوچەکانی دەورووبەری دەبێ هەوڵی خۆیان بۆ جیاکردنەوەی ئەو گرووپانە لە تیرۆریستانی دیاریکراو لەنێو پێڕستی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، چڕبکەنەوەو ئەوەش گرینگیەکی فراوانی هەیە.

ناوبراو وتی: هەروەها ڕاگرتنی داکۆکیە دراڤیی و چەکەمەنییەکان لە کەسان  و گرووپەکانی هاوپێوەند بە تیرۆریستان بەزۆر گرینگ دەزانین.

چورکین بەپێداگری لەسەر هەڵوێستی ڕووسیا بۆ چارەسەریی پرسە مرۆییەکان لە حەڵەب، خۆبواردنی شەڕخوازان لە جێهێشتنی ئەو شارەی ئیدانە کرد.

ڕووسیا لەڕۆژانی ڕابردوودا هەوڵگەلی دیپلۆماتیکی بەرفراوانی بۆ دەرکردنی گرووپی تیرۆریستی بەرەی نوسرە لە حەڵەب دەکارگرتووە.

ئالێکسی بورودافکین نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە ڕێکخراوی نەتەوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئوروپییەکان لەوبارەوە ڕایگەیاند؛ شەڕخوازان لە حەڵەب ئەگەر لەدەرەوەڕا داکۆکیان لێ نەکرابا، ئەوجۆرە ڕووهەڵماڵاوانە نەدەجوڵانەوە.

بڕێک گرووپی تیرۆریستی کە داکۆکی چەند وڵاتی ڕۆژاوایی و عەرەبیان لەپشتە، بۆ وێنە گرووپی ئەحراروشام کە لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی وەک گرووپی بەرهەڵستکاری نێوانڕەو ناسێندراون، خۆیان بواردووە لە قەبووڵ کردنی ئاگربڕ لە سوریاو ڕایانگەیاندووە، درێژە دەدەن بە کردە چەکدارانەکانیان.