کانونی دوھەم 18, 2017 20:32 Asia/Tehran
  • لاڤرۆف: حکومەتی نوێی ئەمریکا دەتوانێ لەدانوستانەکانی ئاستانەدا بەشدار بێ

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئەگەری ئامادەبوونی ئەمریکا لەدانوستانەکانی ئاستانەی ڕەت نەکردەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی تەسنیم بەگێڕانەوە لە ڕووسیا ئەلیەوم، سێرگئی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی  نوێنەرانی حکومەتی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەتوانن لەدانوستانەکانی ئاستانە کە بڕیارە رۆژی٢٣ی ژانڤییە(چواری ڕێبەندان) بەڕێوە بچێ، بەشدار بن.

لاڤرۆف لەپرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ سباستیەن کۆرتێز وەزیری دەرەوەی ئۆتریش وتی: مۆسکۆ نەیاری هاوبەشی محەممەد عەلوەش سەرۆکی لقی سیاسی جەیشولئیسلام لە دانوستانەکانی ئاستانە، نییە.

ناوبراو وتی کە هەموو گرووپە چەکدارەکانی سوریا کە پەیوەستی ئاگربڕ لە سوریا بوون، بانگهێشتنی دانوستانەکانی ئاستانە کراون.

لاڤرۆف وتی  کەسانێک کە ئەندامی لیژنەی بەرهەڵستکارانی سوریا لە دانوستانەکانی ئاستانەن ، ئەو کەسانەن کە بیست و نۆی دیسەمبەر ڕێککەوتننامەی ئاگربڕیان مۆر کردووە.

ناوبراو پێی داگرت؛ هەر تاقم و لایەنێک کە لەگەڵ داعش یان گرووپی تیرۆریستی نوسرە، هاوپێوەند نییە، دەتوانێ پەیوەستی ڕێککەوتننامەی ئاگربڕی٢٩ی دیسەمبەر بێ و ئێمە، گشت ئەو گرووپ ولایەنانە بانگهێشتنی دانیشتن دەکەین.

دانوستانەکانی ئاستانە لەنێوان حکومەتی سوریا و بەرهەڵستکاران بەمیوانداریی حکومەتی قەزاقستان و لەژێر چاوەدێری ڕووسیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا، چوار و پێنجی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە شاری ئاستانە بەڕێوە دەچێ.

ئامانجی ئەو دانیشتنە ، ئامادەکردنی پێشەکیەکانی چارەسەریی سیاسی قەیرانی سوریا لەڕێی وتووێژی جیددی نێوان حکومەت و بەرهەڵستکارانی سوریایە.