کانونی دوھەم 18, 2017 21:17 Asia/Tehran
  • نرخی زێڕی جیهانی لە باڵاترین ئاست دا گیرسایەوە

زێڕی جیهانی ڕۆژی چوارشەممە لەژێر کاریگەریی لێڵایی سیاسی لە سەروبەندی سوێند خواردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکاو کز بوونی دۆلار نرخەکەی گەییشتە باڵاترین ئاستی خۆی لەماوەی چوار حەوتەی ڕابردوودا.

بەپێی ڕاپۆرتی بانکداران بیست و چوار، هەر ئۆنس زێڕ بۆ ڕادەست کردنی خێرا لە سات و سەودای ئەمڕۆی بازاڕی سەنگاپوور لە پلەی1216 دۆلاردا گیرسایەوەو ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو بۆ 1218.64 دۆلار بەرز ببووەوە کە ئەمەش باڵاترین ئاست بوو لەماوەی هەشت حەوتەی ڕابردوودا.

لە بازاڕی نیۆیۆرک دا هەر ئۆنس زێڕ بۆ ڕادەست کردنی لە مانگی فڤزیەدا سەدی دوو هەڵکشاو گەییشتە 1215.60 دۆلار. بایی سات و سەودای ئەم بازاڕە ڕۆژی ڕابردوو 16.70 دۆلار هەڵکشاو لە ئاستی1212.90 دا گیرسایەوە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری هەڵبژاردەی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ واڵ ستریت ژۆرناڵ کە لە کۆتایی ڕۆژی دووشەممەی ئەم حەوتەیەدا ئەنجامی گرت، ڕایگەیاند: بەهێز بوونی دۆلاری ئەمریکا لە بەرامبەر یوئانی چین زەبری لە ململانێی کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەشاندووە.

ئەم ڕادەربڕینانە وایکرد کە دۆلار لە بەرامبەر دراڤەکانی خەنیمی دا لەماوەی چوار حەوتەی ئەم دواییە بۆ خوارترین ئاست دابەزێت. دابەزینی بایەخی دۆلار بوو بە پاڵپشتێک بۆ سات و سەودای زێڕ کە بەم دراڤە کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە تێرێزا مێی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا ڕۆژی سێ شەممە لە لێدوانێکدا پێی داگرت: ئەم وڵاتە بەنیازی دابڕینی یەکجاری لە یەکێتیی ئەورووپایە. نیگەرانییەکان لە بارەی ئەو لێڵاییە سیاسییەی کە بە نزیک بوونەوەی ئاهەنگی سوێندخواردنەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هاتووەتە ئاراوەو هەروەها شوێنهاتەکانی وازهێنانی بریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا، بووەتە هۆی هەڵاتنی سەرمایەدانەران لە هات و نەهاتی بازاڕو داخوازیی بۆ کڕینی زێڕی وەک سەرمایەیەکی دڵنیا پەرە پێ داوە.