شوبات 23, 2017 10:49 Asia/Tehran
  • پڕۆگرامی دژەکۆچبەریی نوێی دۆناڵد ترەمپ

سەرۆک کۆماری ئەمریکا فەرمانی بە دەوڵەتەکەی دا یاساکانی هاوپێوەند بە کۆچبەریی بەشێوەیەکی توندو تیژتر جێ بەجێ بکات .

بەپێی ڕاپۆری رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ، بەگوێرەی بەڵگەو سەنەدەکانی وەزارەتی ئاسایشی ناخۆی ئەمریکا "ئێن ئێس ئەی" کە ڕۆژی چوارشەممە لەقاودرا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا پلان و بەرنامەیەکی بۆ دەرکردنی بەرفراوانی کۆچبەران لەبەرچاوگرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەنیازە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئاخۆ کۆچبەرانی ئامادە لە ئەمریکا تاوانێکی جیددی ئەنجام دابێت یان نا ، لە هەموو توانای هێزی حکومەت بۆ دۆزینەوە، گرتن و دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی لەو وڵاتە کەڵک وەربگرێ.

بەڵگە لەقاودراوەکانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، واپێشان ئەدات کە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لەمەڕ دەرکردنی کۆچبەران هیچ بەرتەسکیەک لەبەرچاو ناگرێ.

بەپێی بەرنامەی نوێی دۆناڵد ترەمپ، ئاشکراکردنی تاوانی کۆچبەرانی نایاسایی، پێشێلکردنی هەرێمی تایبەتی ئەو کەسانە، دامەزرانی گرتووخانە نوێیەکان، پەژیوان کردنەوەی پەناخوازانی نوێ لە هاتن بۆ ئەمریکاو سەرەنجام خێراکردنی ڕەوتی دەرکرانی کۆچبەران و پەناخوازان لە ئەولەویەتدا دەبێ.

سەرباری سیاسەتی دژە کۆچی دۆناڵد ترەمپ، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان واپێشان ئەدات کە کۆچبەرانی دانیشتووی ئەمریکا کەمتر لە شارومەندانی ئەمریکی تاوان ئەنجام دەدەن.

پارێزەران و گرووپەکانی لایەنگری کۆچبەران، ڕایانگەیاندووە، سیاسەتە نوێیەکانی کۆچبەریی حکومەتی ئەمریکا لە ناوەندە دادەوانیەکان پێوشوێن دەگرن.