شوبات 28, 2017 17:38 Asia/Tehran
  • سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە ئیسلام ئاباد

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بانگێشتنی ڕەسمیی سەرۆک وەزیرانی پاکستان و بەمەبەستی بەشداریکردن لە سێزدەهەمین کۆبوونەوەی سەرۆکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووریی ئێکۆ، ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە گەیشتە ئیسلام ئابادی پێتەختی ئەم وڵاتە.

حەسەن روحانی  سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فڕگەی نورخان  لەلایەن کاربەدەستانی پاکستانی و باڵوێز و کاربەدەستانی  باڵوێزخانەی تاران لە ئیسلام ئاباد پێشوازی لێکرا و هاوکات بە هاتننە خواری روحانی لە پلیکانەکانی فڕۆکە ، بیست و یەک گوللە تۆپیش بۆ پێشوازی کردن لەو  هاوێژرا  .

کۆبوونەوەی سەرانی ئێکۆ سبەینێ  چوارشەممە لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەدەچێ و روحانی هەڵوێست و ڕوانگەکانی ئێران لە کۆڕی سەرۆکانی وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە گرینگە ئابووریەی ناوچە، لێک دەداتەوە و شی دەکاتەوە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها لە پەراوێزی کۆبوونەوەی  سەرانی  ئێکۆ، لەگەڵ ژومارێک  لە سەرۆکانی دەوڵەتانی بەشدار دیدار و وتووێژ دەکات  .

هەوڵدان بۆ باشتر بوونی ڕەوشی گەشەی پاوەجێی ئابووریی وڵاتانی ئەندام و سڕینەوەی  هێدی هێدی  لەمپەرەکانی بازرگانی  لە پاڵ ئامادەکردنی  بەرنامەی هاوبەش بەمەبەستی گەشەی سەرچاوەکانی مرۆیی ئەندامان، لە نموونەی ئامانجەکانی ئێکۆ ڕاگەیەندراوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ، تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان، تورکمەنستان، قرقیزستان، ئوزبەکستان، قەزاقستان، تاجیکستان و کۆماری ئازەربایجان، دە ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی  ئابووری ئێکۆن.

 

 

 

 

سەرپەیڤ