ئادار 24, 2017 13:48 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارێکی پێشووی ڕووسیا لە ئۆکرانیا تیرۆر کرا

پۆلیسی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کەپەرلەمانتارێکی پێشووی ڕووسیا کە پەنای بۆ وڵاتەکەیان برد بوو، لە کییەفی پایتەختی ئەم وڵاتە کوژرا.

 "ئەندرێ کریشچێنکۆ، سەرۆکی پۆلیسی کێیڤ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکیدا کە لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆنەوە بڵاوکرایەوە، پشتڕاستیکردەوە کە دێنیس ڤۆرۆنێنکۆڤ، پەرلەمانتاری پێشوو ڕووسیا بەھۆی ھێرشێکی چەکدارانەوە گیانی لەدەست داوە".

سەرۆکی پۆلیسی شاری کییەف، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "لە کاتژمێر 11:30 ی پێش نیوەڕۆ چەکدارێک لە ناوەڕاستی کییەف تەقەی لە دێنیس ڤۆرۆنێنکۆڤ و پاسەوانەکەی کرد، لە ئاکامدا دێنیس گیانی لەدەستدا و پاسەوانەکەی بریندار بوو، بەڵام پاسەوانەکەش لە چەکدارەکە ھاتووەتە دەست و تەقەی لێکردووە و برینداری کردووە".

ئاشکراشی کردووە: "پاسەوانەکەی دێنیس و چەکدارەکەش لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرێت".

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە پێترۆ پێسکۆڤ سەرۆکی ئۆکرانیا، مۆسکۆی بە کوشتنی ئەم کۆنە پەرلەمانتارە تۆمەتبارکردووەو ڕایگەیاندووە کە: "دێنیس پـێشتر لە لایەن دەزگاکانی ئاسایشی ڕووسیاوە ھەڕەشەی لێکرابوو، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتییەوە".

بەڵام مۆسکۆ، لە زاری دیمتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملینەوە ڕەتیکردووتەوە کە وڵاتەکەی دەستی لەو تاوانەدا ھەبووبێت و وتوویەتی  "تۆمەتێکی بێ مانایەو ھیواشی خواستووە کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە ئاشکرا بکرێن".

دێنیس ڤۆرۆنێنکۆڤ لە مانگی تشرنی یەکەمی ساڵی ڕابردوو پاش ئەوەی ڕەخنەی لە ڕووسیا گرت لەسەر داگیرکردنی دورگەی کریمای ئۆکرانیا لە ساڵی ۲٠۱٤ بۆ ئۆکرانیا ھەڵھات و ڕەگەزنامەی ئۆکرانی وەرگرت.