ئادار 24, 2017 20:19 Asia/Tehran
  • پەسەند کرانی گەڵاڵەی بەرنگار بوونەوەی ئیسلام ترسێن کردن لە ئەنجومەنی عەوامی کەنەدا

ئەنجومەنی عەوامی کەنەدا، گەڵاڵەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەی لە بارەی بەرنگار بوونەوەی ئیسلام ترسێن کردن پەسەند کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ئەنجومەنی عەوامی کەنەدا ڕۆژی پێنج شەممە بە پەسەند کردنی گەڵاڵە جێی سەرنجەکەی (جاستین تێرۆدۆ) سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە، داوای لە دەوڵەتی کەنەدا کرد هەتا بەرنگاری شێوازی جۆربەجۆری ئیسلام ترسێن کردن لەوانە هەڵاواردنی ئایینی، ڕق و بێزاری و نەتەوەخوازیی بەبەرنامە بێتەوە.

 ئەنجومەنی عەوامی کەنەدا هەروەها دەوڵەتی ئەم وڵاتەی بۆ شەرمەزار کردن و خەباتی لێبڕاوانی دژی ئیسلام ترسێن کردن بانگ کرد.

بەگوێرەی ئەم گەڵاڵەیەی کە لە  ئەنجومەنی عەوامی کەنەدادا پەسەند کراوە، دەوڵەتی ئەم وڵاتە دەبێ بە ئەنجام دانی لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ، ڕێگاکانی بەرنگار بوونەوەی نەتەوەخوازیی بەبەرنامەو هەڵاواردنی ئایینی بە تایبەت دژایەتی کردن لەگەڵ ئیسلام ناس کات و بەکاریان بێنێ.

لەپاش کوژرانی شەش پیاوی موسڵمان دوابەدوای هێرش کردنە سەر مزگەوتێکی موسڵمانان لە کبکی کەنەدا لە مانگی ژانویەدا، دەوڵەتی ئەم وڵاتە بۆ خەباتی دژی هەڵاواردنی ئایینی کەوتەبەر گوشاروپاڵەپەستۆی گشتییەوە.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو، چەندین مزگەوت لە شارە جۆربەجۆرەکانی کەنەدا کەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماری کەسانی توندئاژۆ.