ئادار 25, 2017 15:07 Asia/Tehran
  • سەرنەکەوتنی کۆماریخوازانی ئەمریکا لە پەسەند کردنی گەڵاڵە پێشنیار کراوەکەی ترەمپ

نوێنەری دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، سەرنەکەوتنی کۆماریخوازان لەمەڕ پەسەند کردنی پێشنیارەکەی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بیمەی دەرمانیی ناسراو بە ئوباماکر، بە سەرکەوتنێکی گەورەی جەماوەری ئەم وڵاتە زانی.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، لینداسانچێز جێگری سەرۆکی پارتی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا پێی داگرت: کۆماریخوازان ئەوە بۆ حەوت ساڵێک دەڕوات کە بەنیازن یاسای خزمەتگوزاریی داوودەرمانی هەموانیی دەوڵەتەکەی باراک ئوبامای سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا هەڵوەشێننەوە،کعچی هێشتاش هەر سەرنەکەوتوون و ئەمڕۆش هەر لەم بوارەدا شکستیان هێناو بەمجۆرە سەرکەوتنێکی تازە بۆ جەماوەری ئەمریکا تۆمار کرا.

لینداسانچێز وتیشی: جەماوەری ئەمریکا ئەمڕۆ پەیامێکی ڕوونیان بە کۆماریخوازان داو ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر دەتانەوێ یاسای خزمەتگوزاریی داوودەرمان هەڵوەشێننەوەو ملوێنان کەسی لێ بێ بەری بکەن، کەوا بوو چاوەڕوانی مەترسی و شوێنهاتەکانیشی بن.

کۆماریخوازانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی نەیانتوانی گەڵاڵەی تازەی بیمەی هەمووانی ببەنە واری پەسەند کردنەوە.

ئەم گەڵاڵە پێشنیارکراوەی دۆناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ڕادەی کەمهاتنی بوجەی فیدراڵ و لە بەرامبەردا ژمارەی ئەو شارومەندانەی کە لە بیمە بێ بەری دەکرێن زیاتر دەکات.

بەم پێیە دۆناڵد ترەمپیش گەڵاڵەکەی خۆی لە بەرنامەی کاردا سڕیوەتەوەو دەشێ بوترێت کە وەم سەرنەکەوتنەی کۆماریخوازان لە مەڕ پەسەند کردنی گەڵاڵەکەیان لە ڕاستی دا شکست هێنانێکی قورسە بۆ دۆناڵد ترەمپیش.

جێگای ئاماژەیە کە گەڵاڵەی بیمەی داوودەرمانی باراک ئوبامای سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ناسراو بە ئوباکاکر بیست ملوێن کەس لە شارومەندانی ئەم وڵاتەی گرتووەتەوە.