نیسان 24, 2017 08:06 Asia/Tehran
  • وەزارەتی ناوخۆی فەڕانسە: ماکرۆن و لۆپەن دوو بەربژاری پێشەنگی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارین

ئێمانۆئێل ماکرۆن بەربژاری بزاڤی"چالاک"ی فەڕانسە زیاترین دەنگی خەڵکی وڵاتەکەی لەمیانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری وەدەست هێنا .

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیتارتاس، وەزارەتی ناوخۆی فەڕانسە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: ئێمانۆئێل ماکرۆن بە دەس خستنی سەتا٢٣.٨ی دەنگەکان ومارین لۆپەن بەربژاری پارتی توندڕەوی"بەرەی نیشتمانی" بە زیاتر لە سەتا٢١.٦ی دەنگەکان ڕێیان بڕیە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە.

فرانسوا فیون بەربژاری پارتی کۆماریخوازیش نزیک بە سەتا ٢٠ و ژان لوک ملانشۆن بەربژاری چەپ خوازی فەڕانسە سەتا١٩.٥ی دەنگەکان لەو هەڵبژاردنانەی بەدەست هێناوە.

وەزارەتی ناوخۆی فەڕانسە لەکاتێکدا ئەو ئەنجامەی ڕاگەیاند کە تائێستا ٤٦ملوێن لە کۆی٤٦ ملوێن و ٩٠٠ هەزار دەنگی خراوە نێو سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی فەڕانسەی جیا کردۆتەوە.

خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی فەڕانسە حەوتی مای بەڕێوە دەچێ.

یانزەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی فەڕانسە کاژێر هەشتی سەرلەبەیانی دوێنێ یەکشەممە(٢٣ی ئاڤریل) لەژێر چاودێری و ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی لە زیاتر لە٦٦ هەزار بنکەی دەنگدان دەسپێکراو کاژێر١٩یش کۆتایی پێهات.