ڕووسیا و چین ، ڕێگاچارەی قەیرانی سوریایان لێکدایەوە
ڕووسیاو چین دواڕەوشی سوریا و ڕەوتی چارەسەریی قەیرانی ئەو وڵاتە بەتایبەت دانوستانە سوریەکانی ئاستانەیان تاووتوێ کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، شیە شیائۆیان نوێنەری تایبەتی چین بۆ کاروباری سوریا لەگەڵ سرگئی ورشینین سەرۆکی ئیدارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوری وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسکۆ دیداری کرد کە پرسەکانی سوریاو چارەسەریی قەیرانی ئەو وڵاتە لەلایەن دوولایەنەوە گرینگی پێدرا.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند: ڕاوێژکاریی لایەنەکانی ڕووس و چین ، پرسەکانی هاوپێوەند بە چارەسەریی پاوەجێی قەیرانی سوریای لەخۆ دەگرت.
ورشینین و شیائۆیان لەو چاوپێکەوتنەدا جەختیان کرد لەسەر پێویستی جێ بەجێ کرانی بڕگە و ماددەکانی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە سوریا لەلایەن هەموو لایەنەکانی کێشەو قەیرانەکە.
لایەنی ڕووسی لەو ڕاوێژکارییەدا زانیاری گەلێکی سەبارەت بە پێشەکییەکانی خولی داهاتووی دانوستانە سوریەکانی ئاستانە خستەبەردەست لایەنی چینی.
پێویستی درێژەدان بە ڕاوێژکارییەکان وهاوکاری ڕووسیا و چین سەبارەت بە پرسە سەرەکی و گرینگەکانی ناوچە لە چوارچێوەی لیژنەی کاری تایبەتی دوو وڵات بۆ چارەسەریی پرسەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراستیش لە بابەتەکانی دیکەی ئەنجامەکانی ئەو دانوستانانە ڕاگەیێندراوە.
ڕووسیاو چین لەمەڕ پرسی سوریا، هاوهەڵوێستن و بەپێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژاوایی-عەرەبی هاوپەیمانی دژەسوری بە سەرکردایەتی ئەمریکا خوازیاری چارەسەری کێشەکانی سوریا لەڕێی دیپلۆماتیک و سیاسی بەڕێزدانان بە مافی سەروەری نیشتمانی و بەگوێرەی دەنگی سوریەکانن.