ئاب 18, 2017 12:00 Asia/Tehran
  • ئەمریکا دیسان هەڕەشەی لە کۆریای باکوور کرد

وەزیری بەرەڤانیی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە درێژەی سیاسەتی دوژمنکارانەی واشینگتۆن دژ بە پیونگ یانگ، هەڕەشەی پەلاماری سەربازی لە کۆریای باکوور کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "جەیمز ماتیس" ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆبوونەوەی هاوبەشی چوارلایەنە لەگەڵ "ئیتسونوری ئوندرا" Itsunori Onodera وەزیری بەرەڤانیی ژاپۆن و "ڕێکس تیلەرسۆن" و "تارۆ کانۆ"   Taro Kono وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ژاپۆن لە واشینگتۆندا وتی: کۆریای باکوور بێتوو درێژە بدات بە بەرنامە تەسلیحاتییەکەی بەرەوڕووی کاردانەوەی توندی سەربازی دەبێتەوە.

"ڕێکس تیلەرسۆن"یش لەم کۆبوونەوە هەواڵییەدا خوازیاری راگیردرانی خێرای تاقیکاریی مووشەکیی کۆریای باکوور بوو.

کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا بە ستراتژیی شەڕخوازانەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا  تەواو پەرەی سەندووە. ترەمپ ڕۆژی سێشەممە ٨ی ئاگوستی هەڕەشەی سەربازی لە کۆریای باکوور کرد.

واشینگتۆن کە دەورێکی بەرچاو لە پەرەپێدانی کێشە و ئاڵۆزی لە شیوە دوورگەی کۆریا دەگێڕێ، بەردەوام خوازیاری کۆتایی هاتنی تاقی کردنەوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور دەبێ. بەڵام پیونگ یانگ بەردەوام جەختی کردووە تا ئەو کاتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی درێژە دەدەن بە هەڕەشە و گوڕەشەکانیان دژ بە کۆریای باکوور، ئەم وڵاتەیش درێژە دەدات بە بەهێزتر کردنی  توانای سەربازی و بەرز کردنەوەی ئاستی توانای پەلاماری پێشپێگرانەی خۆی.