ئه‌یلوول 23, 2017 08:41 Asia/Tehran
  • داکۆکیی شێلگیرانەی١٣٤ وڵاتی جیهان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی

ئەندامانی گرووپی٧٧ رۆژی هەینی لەبەیاننامەیەکدا داکۆکیان کرد لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) و پێویستیی نەهێشتنی بایکۆتە یەکلایەنەکان لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، بەیاننامەی کۆتایی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی ٧٧ لە پەراوێزی دانیشتنی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نیۆیۆرک بەکۆی دەنگی هەموو وڵاتانی ئەندام، پەسەند کرا.

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی ٧٧ لەو بەیاننامەدا، بەرجامیان بە سەرچەشنێکی سازندەو ڕاستەقینەو بەئەنجام و دەسکەوتی هەوڵی سەرکەوتووانەی سیستەمی چەندلایەن خواز لەمەڕ چارەسەریی پرسە گرینگە جیهانییەکان ناوبرد.

وەزیرانی١٣٤وڵاتی ئەندامی گرووپی٧٧ لەو بەیاننامەدا هەروەها نەیارەتیان کرد لەگەڵ  بایکۆتە ئابوورییە یەکلایەنەکان لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێران و خوازیاری هەڵگیرانی خێرای ئەو بایکۆتانە بوون.

دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی٧٧ رۆژی هەینی بەئامادەبوونی سەرۆکی کۆگەی گشتی و سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەڕێوە چوو.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەندامی گرووپی حەفتاو حەوتە.عەبباس عێراقچی بەنوێنەرایەتی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو دانیشتنەدا بەشدار بوو و وتاری دا.

 گرووپی حەفتاو حەوت لەساڵی١٩٦٤ی زایینی، لەلایەن حەفتاو حەوت وڵاتی ڕوو لەگەشە لەشاری ژنێڤی سوئیس دامەزرا.

غولامعەلی خۆشڕو نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەکان شەوی هەینی وتی: پاش وتاردانی پڕهەراو هۆریای ترەمپ لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان، وەزیرانی دەرەوەی١٣٤وڵاتی ئەندامی گرووپی٧٧ بەدەنگێکی بەرز داکۆکی خۆیان لە بەرجام ڕاگەیاندو جەختیان کرد لەسەر نەیارەتی لەگەڵ هەرچەشنە بایکۆتی ئابووری لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ترەمپ رۆژی سێ شەممەی ڕابردوو لە وتاردانەکەی لە حەفتاو دووهەمین دانیشتنی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان، بۆ چەندەمین جار بەرجامی بە ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسف کرد.

ترەمپ هەردەم بەپێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرجام، بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی بە ڕێککەوتنێکی زۆرخراپ ناوبردووەو خوازیاری هەڵوەشانیەتی، بەڵام جیهان نەیاری ئەو کردە دوژمنکارانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.