ئه‌یلوول 24, 2017 11:11 Asia/Tehran
  • وتووێژی زەریف لەگەڵ سی ئێن ئێن : بژاردەی چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ ئێران لە سەر جێی خۆیەتی

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن"دا سەبارەت بەکاردانەوە بە چوونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش وتی: ئێران بژاردەی جۆر بەجۆری لە بەردەمدایە لەوان چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی خێرا بەرەو لای بەرنامەی ئەتۆمییە ئاشتیانەکەی خۆی.

"محەممەد جەواد زەریف" لە وتووێژ لەگەڵ "فەرید زەکەریا" پێشکەشکاری کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە وەڵام دانەوە بە پرسیارێک سەبارەت بە کاردانەوەی ئێران بە چوونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥) وتی: ئێران بژاردەی جۆر بەجۆری لە بەردەمدایە، کە چوونەدەر لەو ڕێککەوتنە، گەڕانەوەی خێرا بۆ سەر پلان وبەرنامە ئەتۆمییەکەی جاران و وەلانانی هەموو ئەو چوارچێو و بەرتەسکییانەی کە بەشێوەی دڵخواز و خۆبەخشانە قەبووڵی کردبوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پێداویستیی بەرەڤانیی ئێران، بە ئاماژە بە کڕینی یەکجار زۆر و لە ڕادەبەدەری چەک و چۆڵ و کەرەستەی جەنگی لە لایەن عەرەبستانەوە لە سەفەری چەن مانگ لەومەبەری دۆناڵد ترەمپ" بۆ عەرەبستان وتی: ئێران کەرەستەی سەربازیی پێویستی خۆی لەوان سیستەمی مووشەکییەکانی، هەر خۆی بەرهەمی دێنێ و ئەوەش بۆتە هۆی تووڕەیی ڕۆژاوا و ئەمریکا.

زەریف بە ئاماژە بە موشەکبارانی شارەکانی ئێران لە لایەن سوپای ڕژێمی سەدامەوە و لە کاتی هەشت ساڵ شەڕی داسەپێندراوی ڕژێمی بەعسی ئێراق بە سەر ئێراندا و شەهید و  بریندار بوونی بە هەزاران شاروومەندی ئێرانی لەو موشەکبارانانەدا، وتی: لەو کاتەدا سەدام دۆست و هاوڕێی ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی ڕۆژاوایی بوو و کەس لەبەر ئەو پەلامارانەی تەنانەت ناڕەزایەتیەکەیشی دەرنەبڕی، لە کاتێکدا کە ئێران تەنانەت یەک مووشەکیشی بۆ بەرگری لە خۆی بەرامبەر بە پەلامارە مووشەکییە هەموو ڕۆژانەکانی ئێراق نەبوو.

لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا ، "فەرید زەکەریا" ئەو پرسیارەی لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد پەیامی ئێوە بۆ دۆناڵد ترەمپ چییە و زەریف لە وەڵامدا وتی: بە بۆچوونی من ئەوە بە سوودی ئەمریکایە کە بایەخ بە راستییەکان بدات، زەریف بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە راستییەکانی ناوچەی ئێمە ڕوون و شەفافە و لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا هەروا بووە" وتیشی: بە داخەوە ئەمریکا بڕیاری داوە خۆی لە راستییانە  گێل کات و هەر لەبەر ئەوەیشە کە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.

"محەممەد جەواد زەرف" وەزیری دەرەوەی ئێران کە بە مەبەستی بەشداری لە حەفتا ودووەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرکدایە، پێش نیوەڕۆی شەممە بە کاتی نیۆیرۆرک وتووێژێژی  تایبەتیدا لەگەل کەناڵی "سی ئن ئن" وەڵامی پرسیارەکانی "فەرید زەکەریا" سەبارەت بە پرسەکانی هاوپێوەند بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایابەت بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دایەوە. ئەم وتووێژە ڕۆژی یەکشەممە کاژێر ١٠ی سەر لە بەیانی بە کاتی نیۆیۆرک بڵاو دەبێتەوە.