تشرینی یه‌که‌م 15, 2017 13:11 Asia/Tehran
  • لاگارد: هیچ هۆیەک نابینین بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی سنووقی نێودەوڵەتیی دراو بەرامبەر بە ئێران

سەرۆکی سنووقی نیودەوڵەتیی دراو لە کاردانەوە بە داخوازی ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە داوای لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی کارگێڕیی ئەم سنووقە کردووە هیچ هاسانکارییەک نەخەنە بەردەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێی داگرت کە ئێمە هیچ هۆیەک نابینین بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانی سنووقی نێودەوڵەتیی دراو بەرامبەر بە ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "کریستییەن لاگارد" Christine Lagarde ڕۆژی شەممە بە ئاماژە بەوەی کە سنووقی نێودەوڵەتیی دراو ، ١٩٩ ئەندامی هەیە وتی: کاتێک کە وڵاتانێکی ئەندام لەوان کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای قەرز لەم سنووقە بکات ئێمە بوار خۆش دەکەین بۆ ئەوەی هاسانکاری بخرێتە بەردەستی ئەو وڵاتە.

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەمدواییە لە کاردانەوە بەم داخوازە نادیپلۆماسییانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی:  داخوازی ترەمپ لە سنووقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ ئەوەی هاسانکاری نەخاتە بەردەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پیشاندەری نائاگادار بوونی لە پرۆسەی کارو باری ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان و هەروەها خۆوەردانی ئاشکرا لە کاروباری ئەم ڕێکخراوە و ناوەندانەیە.

دوابەدوای دەسەڵات گرتنە دەستی "دۆناڵد ترەمپ" واشینگتۆن زیاتر لە ڕابردوو هەوڵ دەدات بۆ زەبر دان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی شەممە بە بێ بایەخ دان بە هەشت ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە هەر هەشتەکەیاندا جەخت کراوە لە سەر پێبوند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج  کۆ یەک، ڕایگەیاند؛ پێبەند بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش پشت راست ناکاتەوە. ئەو هەنگاوەشی بە ئامانجی هەڵوەشاندەوەی ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە هەڵگرت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە یەکێتیی ئەورووپا و ژمارێکی دیکە لە وڵاتانی جیهان  پاش ئەم قسە و لێدوانانەی ترەمپ رایانگەیاند؛ هەر وەک ڕابردوو پشتیوانییەکی تۆکمە و تەواو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک دەکەن.

سەرپەیڤ