تشرینی دووه‌م 22, 2017 18:59 Asia/Tehran
  • پووتین: بێ هاوبەشیی ئێران و تورکیا شەڕ و پێکدادانەکان لە سووریا ڕانەدەگیردرا

دانیشتنی سێ قۆڵیی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لە شاری سوچی بۆ وتووێژ لەبارەی قەیرانی سووریا، دەسپێکرا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، دانیشتنی سێ قۆڵیی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لە شاری سوچی بۆ وتووێژ لەبارەی قەیرانی سووریا دەس پێ کرا.

ڤلادیمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا لەدەسپێکی ئەو دانیشتنەدا بەئاماژە بەوەی کە ئێستا دەرفەتی ڕاستەقینەیە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا، وتی: "ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێکی نوێ کە ڕێگە دەدات ڕێکارێکی سیاسی لە سووریا جێ بەجێ بکەین."

پووتین وێڕای دەربڕینی هیواداریی لەمەڕ سوودبەخش بوونی دانیشتنی سوچی، پێی داگرت؛ ڕێکاری سیاسی بۆ سووریا دەبێ بەگوێرەی ڕەوتی دانوستانەکانی ژنێڤ بناغەی بۆ دابڕێژرێ و ڕێککەوتنەکان دەتوانێ یەکپارچەیی خاکی سووریا بەهێز بکات.

ناوبراو هەروەها وتی کە بێ دەوری سازندەی ئێران وتورکیا، مومکین نەبوو شەڕ وپێکدادان لە سووریا ڕابوەستێ و بەهۆی یارمەتییەکانی ئەو دوو وڵاتە، سووریا لە پارچە پارچەبوون پارێزراو داعش هەرەسی هێنا.

سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەروەها جەختی کرد؛ خەڵکی سووریا خۆیان دەبێ داهاتووی وڵاتەکەیان دیاری بکەن .