تشرینی دووه‌م 23, 2017 15:01 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی سوچی، درێژەی هاوکارییەکانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا تا بنەبڕ کرانی یەکجاریی تیرۆریستان

سەرۆک کۆمارانی ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە پێداگری لە سەر مافی دەسەڵاتدارێتی، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە تا بنەبڕ کرانی گرووپە تیرۆریستییەکان درێژە بدەن بە هاوکاری لەگەل یەکتر.

بە پێی ئەم بەیاننامە هاوبەشە کە ئێوارەی چوارشەممە  و لە کۆتایی کۆبوونەوەی سوچی لە لایەن "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران و "ڤیلادمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا و "ڕەجەب تەیب ئەردوغان"ی  سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆ و مۆر کرا، سێ وڵات ڕەزامەندییان دەربڕی بەرامبەر بە ئاستی هەواهەنگی سێ لایەنەی ئێستا بۆ پاراستن و بەهێزتر کردنی  ئاگربڕ لە سووریا کە وڵاتانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا ئەو ئاگربڕەیان گەرەنتی کردووە.

سەرۆک کۆمارانی ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە سەر ئەوەیش گەیشتنە تەبایی کە یارمەتیی سوورییەکان بدەن لە گەڕاندنەوەی یەکێتی بۆ وڵاتەکەیان و دەسڕاگەیشتنیان بە ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ ئەم قەیرانە لە ڕێگای پرۆسەی دانوستانی سووری- سووریی گشتداگر، ئازاد، دادوەرانە و شەفاف کە ببێتە هۆی داڕێژرانی یاسای بنەڕەتییەکی داکۆکی کراو لە لایەن خەڵکی سووریاوە و بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادوەرانە بە بەشداریی هەموو شاروومەندانی خاوەن شیاوەتی لە سووریا لە ژێر چاوەدێریی شیاو و ڕێک و پێکی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڕۆحانی، پوتین و ئەردوغان داوایان لە نوێنەرانی دەوڵەتی سووریا و ئەو نەیارانەی کە خۆیان پێبەند دەزانن بە دەسەڵاتدارێتی، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا، کرد ، لە کۆبوونەوەی دانوستانی نیشتمانیی سووریادا کە لە داهاتوویەکی نزیک لە سووچی بەڕێوە دەچێ بەشداری بکەن.

سەرپەیڤ