کانونی یه‌که‌م 15, 2017 12:56 Asia/Tehran
  • نەتەوە یەکگرتووەکان قسەکانی نیکی هەیلی دژ بە ئێرانی ڕەت کردەوە

جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی ڕابردوو پێی داگرت هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە کە بسەلمێنێ ئەو مووشەکانەی هێزە یەمەنییەکان بەرەو عەرەبستانیان تەقاندووە لە ئێراندا ساز کراوە.

"فەرحان حەق" Farhan Haq بە ئاماژە بەوەی کە "ئانتۆنیۆ گوترێش" بەڕێوەبەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان شەش مانگ جارێ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجێ کرانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش ئامادە دەکات، رایگەیاند: لەم راپۆرتە ، باسی مووشەکە تەقێندراوەکان لە یەمەنەوە بەرەو عەرەبستان کراوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە ئەوە بسەلمێنێ کە  ئەو مووشەکانە ئێران سازی کردوون.

ئەم راپۆرتە ڕۆژی پێنجشەممە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش کرا.

نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی هەینی بە ئامادەبوون لە بەردەم هەندێ لەتکە ئاسن کە بانگەشەی دەکرد لاشەی مووشەکی ئێرانییە کە بۆ هێزە یەمەنییەکان نێردراوە، شانۆیەکی پڕوپاگەندەیی نوێی دژ بە ئێران وەڕێ خست.

"نیکی هەیلی" بە بێ ئاماژە بە داکۆکیی هەمەلایەنەی واشینگتۆن لە رژێمی سەعوودی لە پەلاماردانی یەمەن لەوان فرۆشتنی بە ملیاردان دۆلار چەک و کەرەستەی جەنگی بۆ بۆردومان کردنی خەڵکی چەوساوەی ئەم وڵاتە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بزووتنەوەی ئەنسارووڵڵای یەمەن تەیار دەکات بۆ ئەوەی پەلاماری مووشەکی بکاتە سەر ڕیاز.

هەیلی هەروەها بانگەشەی کرد کە لە ڕاپۆرتەکەی گوترێشدا ئاماژە کراوە بە بوونی چەکی ئاسایی و مووشەکی ئێرانی لە یەمەندا.

 ڕژێمی سەعوودی بە داکۆکیی ئەمریکا و لە سای بێدەنگە کردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە 13 هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

هاوپەیمانی دەسدرێژکاری سەعوودی بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران چەک و مووشەک دەخاتە بەردەستی هێزە جەماوەرییەکانی یەمەن و بەم کارە تەگەرە دەنێتەوە لە سەرڕێگای چارەسەر کرانی قەیرانی یەمەن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی یەمەنی بەردەوام رادەگەیەنن دەسەڵاتی بەرەڤانیی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن تەواو خۆجێی و ناوخۆییە و وێڕای ئەوەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعوودییەوە گەمارۆیەکی هەمەلایەنە دراوە بەڵام توانای بەرەڤانیی یەمەنییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ.

ڕژێمی سەعوودی و ئەمریکا تا ئیستا لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانی خۆیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات دانەدەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەست لە یەمەندایە.

 

سەرپەیڤ