کانونی دوھەم 06, 2018 09:55 Asia/Tehran
  • چاوپێکەوتنی سەرانی تورکیاو فەڕانسە لە پاریس

سەرۆک کۆمارانی تورکیاو فەڕانسە لە چاوپێکەوتنێکدا لە پاریس، لەبارەی بارودۆخی سووریا، عێراق و فەلەستین وتووێژیان کرد.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلجزیرە موباشیر، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پرێس کۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ ئیمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە، لەپاریس وتی: یەکێتی ئوروپا ئەرکمەند کراوە شەش ملیارد دۆلار یارمەتی بدات بە ئاوارە سوورییەکان بەڵام کەمتر لە یەک ملیارد دۆلاری داوە.

ئەردۆغان هەروەها وتی: تورکیا دەیان ساڵە لەپشت دەروازەی یەکێتی ئوروپا چاوەڕوان ماوە بەڵام ئێستا ئەوە ئانکارایە کە بڕیاردەدا لەمەڕ پەیوەست بوونی بەو یەکێتییە.

ئەردۆغان لەهەمان کاتدا، جەختی کرد لەسەر ئیرادەی تورکیا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ فەڕانسە و وتی: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دوو وڵاتە چونکە شەڕی دژ بەداعش بەبەرفراوانیی بەردەوامە.

ئیمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسەش وتی کە هەوڵی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە) دەگرێتەبەر چونکە ئەو پارتە بە پارتێکی تیرۆریست دەزانێ.

مەکرۆن وتیشی: پاریس لەگەڵ ئانکاڕا هاوبەش دەبێ بۆ چەسپاندنی ئاشتی وئاسایش لە سووریا.

مەکرۆن هەروەها دانی بەوەدانا کە هیچ پێشکەوتنێک سەبارەت بە پەیوەست بوونی تورکیا بە یەکێتی ئوروپا بەدی نەهاتووە ، ئەوە لەحاڵێکدایە کە دانوستان لەوبارەوە زۆر گرینگە.

سەرپەیڤ