کانونی دوھەم 13, 2018 14:49 Asia/Tehran
  • ملکەچ کردنی ترەمپ لە بەرامبەر بەرجامدا

هەروا کە پێدەچوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڵپەسێردرانی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ئێرانی درێژ کردەوە.

بە پێی ڕێککەوتنی گرووپی 1+5 لەوانە ئەمریکا لەگەڵ ئێران، هەموو بایکۆتە داسەپێنراوەکان بە بڕوبیانووی چالاکی ناڤۆکیی ئێران دەبێ هەتا کاتێ تاران بەڵێندارە لە ئاست هەنگاوە بەرجامییەکانی خۆی، لەلایان وڵاتان و ڕێکخراوە بەرپرسەکانەوە، هەڵوەشێتەوە یاخود هەڵپەسێردرێن. هەر بەم هۆیەوە لە دوو ساڵ لەمەو پێشەوە تاکوو ئێستا، دەوڵەتی پێشوو و دەوڵەتی ئێستاکەی ئەمریکا، هەڵپەساردنی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی دژی ئێرانیان بەردەوام کردووە. هەڵبەت لەم مانگانەی دواییدا، کاربەدەستانی ئەمریکی لەگەڵ هەندێک لە میدیاکان، شک و گومانیگەلێکیان لەمەڕ درێژکردنەوەی دووبارەی ڕەوتی هەڵپەسێردرانی بایکۆتەکان، هێنابووە ئاراوە.

سەرباری ئەوە، ئەمجارەیان ترەمپ ویڕای هەراوهوریای زۆر، هەڵپەساردنی بایکۆتەکانی بە گوێرەی بەڵێنییەکانی بەرجام، درێژ کردەوە، لە هەمان حاڵدا، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە ئەوە دوایین جارە کە کاری وا دەکات. ترەمپ وێڕای هەڕەشە لە ئەورووپا ڕایگەیاند بێتوو لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران، گۆڕانکاری نەکرێت، 120 ڕۆژی دیکە، هەڵپەساردنی بایکۆتەکانی ئێران درێژ ناکاتەوە و ئەمریکا بە فەرمی لە بەرجام دێتە دەر.

گرووپی 1+5

ترەمپ هێنانەئارای بەرنامەی مووشەکیی ئێران لە ڕێککەوتنی دووبارەی ناڤۆکی و هەمیشەیی بوونی بەرتەسکی بۆ چالاکی ناڤۆکیی ئێرانی بە مەرجی مانەوەی ئەمریکا لە بەرجامدا ڕاگەیاندووە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان ئێران لەگەڵ سێ وڵاتی ئەورووپی واتە بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا و هەروەها ئەمریکا، ڕووسیا و چین بووە، بە واتایێکی دیکە تەنانەت وای بۆ بچین کە بێتوو ئەورووپاش لەگەڵ زێدەخوازییەکانی ترەمپ بێت، دەسپێ بوونەوەی دانووستانەکان بە مەبەستی گۆڕانکاری لە بەرجام، پێویستی بە رێککەوتنی ئێران، ڕووسیا و چینیش هەیە. ئەم سێ وڵاتە زۆرجاران ڕایانگەیاندووە هەرچەشنە دانوستانێکی دووبارە لەمەڕ پرسە ناڤۆکییەکەی ئێران ڕەت دەکەنەوە. یەکیەتی ئەورووپا، پاش هەنگاوەکەی ئەم دواییەی ترەمپ ڕایگەیاند: ئێمە بەڵێندار دەبین لە ئاست بەڕێوەبردنی گشت  بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (بەرجام).

لەبەر ئەوە، پێ ناچێت تا 120 ڕۆژی دیکەش، ویستی دەوڵەتی ئەمریکا لەمەڕ گۆڕانی هەندێک لە بڕگەکانی بەرجام دەستەبەر بێت،  هەر بۆیە دەوڵەتی ئەمریکا دەبێ هەڵوێستی ئێستاکەی بگۆڕێ یاخود هەڕەشەکەی ترمپ لەمەڕ چوونەدەری لە بەرجام جێبەجێ بکات. ئەمە لەحاڵێکدایە کە چوونە دەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی و لەنێوچوونی بەرجام، بەمانای هەڵوەشانەوەی گشت بەڵێنە بەرجامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت. کاربەدەستانی باڵای تاران زۆرجاران ڕایانگەیاندووە ئامادەن لە کەمترین ماوەدا، بگەڕێنەوە بۆ هەلومەرجەکەی پێش بەرجام، لەوانەشە چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکان لە باری چەندایەتی و چلۆنایەتیەوە، سەرتر و باشتر لە جاران بێت. هەر ئەم وشدارییانە بووەتە هۆی ئەوەی کە ترەمپ سەرباری هەراوهوریای زۆر و هەڕەشە و گوڕەشە لە کونگرێسی ئەمریکا یاخود یەکیەتیی ئەورووپا، هەروا بەردەوام خۆ ببوێرێ لە چوونە دەر لە ڕێککەوتنێک کە بە خراپترین ڕێککەوتنی مێژووی ئەمریکا ناوی لێ دەبات.

 

 

سەرپەیڤ