شوبات 16, 2018 11:09 Asia/Tehran
  • وشداریی کۆریای باکوور بە ئەمریکا

کۆریای باکوور وشداریی دا بە ئەمریکا لەمەڕ درێژەی زەخت وگوشارەکانی سەر پیونگ یانگ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کۆریای باکوور، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە کاردانەوە بە هەڕەشەو گوڕەشەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنگتۆن بۆ ئەو تۆمەتانەی دەیداتە پاڵ پیونگ یانگ لەمەڕ بەزاندنی مافی مرۆڤ، باجێکی قورس دەبێ بدات.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور، واشنگتۆن هەوڵ دەدا بەبیانووی جۆربەجۆر سیمایەکی لێڵ و نەشیاو لە کۆریای باکوور لەبارەی مافی مرۆڤ پێشانی جیهانیان بدات.

ئۆتتۆ فرێدریک وارمبیێر خوێندکاری ئەمریکی ساڵی ڕابردوو پاش ماوەیەک حەبس و زیندانی لە کۆریای باکوور گەڕێندرایەوە ئەمریکا بەڵام پاش خولێکی کورت گیانی لەدەست داو واشنگتۆن ڕایگەیاند کە پیونگ یانگ دەستی بووە لە مەرگی ناوبراودا.

لەهەمان کاتدا، چو ریۆنگ هائە، لە بەرپرسانی باڵای پارتی دەسەڵاتداری کۆریای باکوور، وتی: هاوکات لەگەڵ سڕینەوەی کێشەوگرفت لەگەڵ کۆریای باشوور،  پیونگ یانگ لەهەوڵی بەهێز کردن و تۆکمەکردنی توانا ناڤۆکییەکانیەتی.

لە هەمان حاڵدا، شینزۆ ئابە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکاش لە پەیوەندییەکی تەلەیفونیدا، جەختیان کرد لەسەر خستنەژێر گوشاری زیاتری کۆریای باکوور بەمەبەستی چەکداماڵینی ناڤۆکیی ئەو وڵاتە.

ئەمریکاو هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە کە دەورێکی گرینگ دەبینن لە قووڵکردنەوەی کێشەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا، هەردەم خوازیاری ڕاگرتنی تاقیکارییە ناڤۆکییەکانی کۆریای باکوورن بەڵام پیونگ یانگ بەجاران جەختی کردووە هەتا کاتێک کە ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی ئەو وڵاتە درێژەبدەن بە هەڕەشەو گوڕەشەکانیان لەدژ کۆریای باکوور، ئەو وڵاتە توانای سەربازی و توانای هێرشی پێشدەستانەی خۆی بەردەوام دەکات.

سەرپەیڤ