شوبات 18, 2018 09:46 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئەمریکا بە ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە پەلاماری شیمیایی تورکیا بۆ سەر عەفرین

کاربەدەستێکی کۆشکی سپی لە کاردانەوە بە راپۆرتەکانی سەبارەت بە پەلاماری شیمیایی تورکیا بۆ سەر عەفرین وتی؛ ئەو ڕاپۆرتانە گەیشتۆتە دەستیان بەڵام هێشتا ناتوانن پشت ڕاستی بکەنەوە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ دەوڵەتی ئەمریکا سەلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوەی تورکیا دژ بە شەڕوانانی کورد لە عەفرین چەکی شیمیایی بەکارهێنابێ زۆر کەمە.

هەواڵدەریی ئاسۆشێتێد پرێس بە گێڕانەوە لە کاربەدەستێکی کۆشکی سپی وتی کە ئاگادارن لەو راپۆرتانەی  باس لە پەلاماری شیمیایی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەکەن ، بەڵام ناتوانن جارێ پشتڕاستی بکەنەوە.

کاربەدەستانی خۆجێی و هەواڵدەریی فەرمیی سووریا (سانا) ڕۆژی شەممە راپۆرتیان دابوو کە هێزە سەربازییەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانیان لە ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتووندا لە عەفرین چەکی شیمیاییان بەکار هێناوە.

"ژیوان محەممەد " سەرۆکی نەخۆشخانەی "عەفرین" بە هەواڵدەریی فەرمیی سووریا "سانا"ی وت کە تا ئێستا شەش کەسی بە نیشانەگەلی "کێشەی هەناسەکێشان، کۆخە و هەست بە سووتانەوەی هەموو جەستەیان" دەرمان کراون. ناوبراو جەختی کرد ئەوانە هەموو نیشانەی پەلاماری شیمیایین.

"محەممەد حەسەن" ڕۆژنامەوانی سووریایش لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تویتەر وێنەگەلێکی لە کەسانێک بڵاو کردۆتەوە کە بە وتەی ئەو بە هۆی پەلاماری شیمیایی تورکیا ژاراوی بوون.