شوبات 22, 2018 00:57 Asia/Tehran
  • مۆسکۆ : ھەڕەشەو گوڕەشەی ئەمریکا لە بارەی بایکۆتەوە دەبێتە ھۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: ھەگەری بایکۆت کردنی ئەو ١٣ کەسەی کە حەوتەی ڕابردوو تۆمەتی دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ٢٠١٦ ی ئەمریکایان خرایە سەر، وەلا نەناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئیران(ئیسنا) بەگێڕانەوە لە ھەواڵدەریی سپۆتنیکەوە، سێرگەیی ڕیابکۆف جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: ھەڕەشەی ئەمریکا لەمەڕ داسەپاندنی بایکۆتی تازە دژی مۆسکۆ دەبێتە ھۆی توند بوونەوەی ئاڵۆزییەکانی بەرلە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتیی ڕووسیا کە بڕیارە مانگی مارسی ٢٠١٨ بەڕێوە بچێت.

ڕیابکۆف دوێنێ چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەمریکییەکان بە دووفاقانە قسەکردن لە بارەی دەستوەردانی ڕووسیا لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦، لە ھەوڵی ئەوەدان ھەتا دەست لە کاروباری نێوخۆیی ئێمە وەردەن و لە سەروبەندی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ڕووسیا، ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی ھەردووک لا پەرە پێ بدەن،ھەر بۆیە بوختانە بێ بنەماو نەسەلماوەکانیان سەبارەت بە بانگەشەی دەستوەردانی ڕووسیا لە ڕەوتی ھەڵبژاردنەکانیان بەردەوام دەکەن. ھەموو ڕۆژێک سەبارەت بە ھەڕەشەو گوڕەشەو ھەوڵدان بۆ تۆمەتبار کردنی ڕووسیاو شارومەندانی ڕووس قسەو باس دەبیسین و ئاشکرایە کە تەواوی ئەم ھەنگاوانەش شوێنێکی نەرێنی لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دادەنێن.

ئەم قسانە دوابەدوای ئەوە دێت کە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە:واشێنگتۆن ھەگەری بایکۆت کردنی ئەو ١٣ کەسەی کە حەوتەی ڕابردوو تۆمەتی دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ٢٠١٦ ی ئەمریکایان خرایە سەر، وەلا نەناوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسانە و ھەروەھا سێ کەسایەتیی مافەوانیش بە دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا تۆمەتبارن.

کرملین لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەم بانگەشەیە ڕایگەیاندووە کە، ھیچ بەڵگەیەک سەبارەت بەمەی کە کەسێک لە کاروباری نێوخۆیی ئەمریکادا خۆی ھەڵقورتاندبێت لە ئاردا نییە.

جێگای ئاماژەیە کە، ڕووسیا تۆمەتی ئەوەی لە سەرە کە لە ڕێگای هێندێک دەستوەردان لەوانە هاک کردنی کۆمپیۆتێڕەکانی بنکەی هەڵبژاردنی دیموکراتەکان و بڵاو کردنەوەی بەڵگەگەلی نهێنی، یارمەتیی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپی داوە لە هەڵبژاردنەکانی نوامبەری ساڵی 2016 دا، کەچی ڕووسیا ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.